لە شارەزوور منداڵێک لەشوێنی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵاندا خنکا

رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیو لە شارەزوور لەشوێنی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵاندا خنکا.
 
سامان سابیر، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کچێکی تەمەن دوو ساڵ و نیویان گەیێندرایە نەخۆشخانە، دڵی لەلێدان کەوتبوو و سییەکانی پڕبوون لە ئاو، هەوڵێکی زۆریان لەگەڵدا، بەڵام دڵی نەکەوتەوەکار، دیاربوو دەمێکبوو لەناو ئاودا مابووەوە و خنکابوو."
 
بەگوتەی سامان سابیر، "بەپێی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی منداڵەکە یاری کردووە و دواتر دیارنەماوە، کاتێک بەدوایدا گەڕاون لەنێو شوێنی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵەکانیان دۆزیویانەتەوە، کە ساردکەرەوە (سەلاجە)یەک بووە پڕکراوە لەئاو."
 
ئەوەشی خستەڕوو، ماڵەکە ئاژەڵدارن و لە کامپی نەسری نزیک قەرەگۆل لە سنووری شارەزوور نیشتەجێن.