لە زاخۆ و راپەڕین سێ تۆمەتباری ساخکردنەوەی 'پارەی ساختە' دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ و راپەڕین دەڵێن، لە ماوەی دوو رۆژدا سێ تۆمەتباریان بە بڕێک "پارەی ساختە"وە دەستگیر کردووە. دوو دانەیان لە راپەڕین بوون و ئەوەی دیکەش لە زاخۆ.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی هێزەکانمان ئاگادار کرانەوە کە لە مارکێتەکاندا پارەی ساختە هەیە، دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوە کرا، دوێنێ دوو تۆمەتبار بە پارەی ساختەوە دەستگیر کران، دوای لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "دەستیان بەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار دینار، لە جۆری 25 هەزار دیناری و 700 دۆلاری ئەمریکی لە جۆری 100 دۆلاریدا گرتووە."
ئەو دوو تۆمەتبارە بە ناوەکانی (ع. ح. ع.) و (ع. ف. س.) لەدایکبووی ساڵانی 2008 و 1995ـن. شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "پارەکەیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێناوە و دەیانویست لە بازاڕ ساخی بکەنەوە."
هەر ئەمڕۆ لە زاخۆش تۆمەتبارێک بە ئەنجامدانی هەمان تاوان دەستگیرکرا.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی گوت: دوای ئەوەی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانباری زاخۆ بەدواداچوونیان کرد، توانییان ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ، "پێنج هەزار و 300 دۆلاری ساختە دەستی بەسەردا گیراوە، لەو بڕە توانیبووی تەنیا 100 دۆلار لە بازاڕدا ساخ بکاتەوە، بەڵام ئەویشمان گەڕاندەوە."
ئەو تۆمەتبارە ناوی (ر. خ. م.) کە دانیشتووی زاخۆیە و تەمەنی 28 ساڵە.
هەر سێ تۆمەتبار بە مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.