کۆمیسیۆن نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بۆ 5 رۆژی دیکە درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران 5 رۆژی دیکە درێژکرایەوە و زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار کەس تۆمارەکەیان نوێکردووەتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا 5 رۆژی دیکە تۆمار و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژبکرێتەوە کە رۆژی یەکشەممە وادەکەی کۆتایی دەهات و بەم شێوەیە تاوەکو 20ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
لە 25 ئاداری ئەم ساڵەوە، تۆمار و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد، گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ یەک ملیۆن و 909 هەزار و 510 کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 223 و هەزار و 319 کەس.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.