سیستمى نۆرەى سوپاى عێراق لە شنگال ئەزموون دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سیستمى نۆرى دەوامى سەربازانى سوپاى عێراق لە قەزاى شنگال لە سنوورى نەینەوا و روتبە لە ئەنبار بۆ ماوەى دوو مانگ ئەزموون دەکرێت و ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە چەند یەکەیەکی دیکەى سوپادا جێبەجێدەکرێت کە تایبەتە بە پشوودانى سەربازان بۆ ماوەى 10 رۆژ لەبەرانبەر 12 رۆژ دەوامکردندا کە زیاتر لە هەشت ساڵە راگیربوو. 
 
یاسر وەتوت، ئەندامى سەرپەرشتیار لە لیژنەى سیستمى نۆرە لە سوپاى عێراق رۆژی سێشەممە 12-7-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیاردراوە سیستمى دەوامى نۆرەى سەرباز و ئەفسەرانى سوپاى عێراق لە دوو یەکە لە عێراق لە هەردوو قەزاى شنگال لە سنورى پارێزگاى نەینەوا و قەزاى روتبە لە پارێزگاى ئەنبار تاقیبکرێتەوە بەشێوەیەک کە سەرباز و  ئەفسەرانی سوپا ماوەى 12 رۆژ دەوام دەکەن و دواى ئەوە بۆ ماوەى 10 رۆژ لە پشوودا دەبن و ئەو رۆژانەی دیکە پێویستە هەمووان بەتەواو دەوام بکەن".
 
ئەو بڕیارە 11ى تەممووزى 2022 لەلایەن مستەفاکازمى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەرکرا. ئەو یەکانەی کە ئەو ئەزموونە دەیانگرێتەوە بریتین لە یەکەی بیستى سوپا لە شنگال و یەکەی پێنجى سوپا لە روتبە.
 
یاسر وەتوت کە هاوکات ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراقە گوتى:"ئەو ئەزموونە بۆ ماوەى دوو مانگە و ئەگەر سەرکەوتوو بوو، لیژنەکەمان داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات رەزامەندى بدات بۆ ئەزموونکردنى سیستمى دەوامى نۆرە لە دوو یەکەی دیکەى سوپاى عێراق".
 
وەتوت ئاشکرایکرد کە ئەمڕۆ 12ى تەممووزى 2022، عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق فەرمانیداوە بە فەرماندەکانى هەردوو یەکەی پێنج و بیست بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە نوێیە و لە 13ى تەممووز جێبەجێدەکرێت. 
 
ساڵى 2014 لە کاتى شەڕى داعش سیستمى دەوامى نۆرى سەربازان بەهۆى شەڕکردن دژى ئەو رێکخراوە هەڵوەشێندرایەوە. 
 
ئەندامەکەى لیژنەى سیستمى نۆرە لە سوپاى عێراق گوتى : "ئەوکات بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان لەگەڵ جێبەجێکردنى سیستمى نۆرە نەبوون و پێیان وابوو کە کاریگەرى دەبێت لەسەر تواناى شەڕکردنى سوپا و لە دوای نۆ جار کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران ئەو بڕیارە درا".
 
لیژنەى سیستمى نۆرە لە سوپاى عێراق پێکهاتوون لە یاسر وەتوت و سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، محەممەد حەمید بەیاتی، سکرتێرى تایبەتى سەرۆکوەزیرانى عێراق.
 
وەزارەتى بەرگرىی عێراق 14 یەکەی سەربازى هەیە کە ژمارەى سەرباز و پلەدارانى زیاتر لە 350 هەزار کەسن.