کەشناسی: سبەی پلەی گەرما نزیکەی 4 پلە بەرز دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە بەرزدەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تاوەکو شەممە بەردەوام دەبێت و ئێوارەی شەممە دادەبەزێت.

رۆژی چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پێنجشەممە پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە بەراورد بە پلەی گەرمای ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ و "گەرم" دەبێت.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و ئێوارەی رۆژی شەممە پلەی گەرما دادەبەزێت.
 
ئەو کەشناسە گوتیشی، لە ئەمڕۆوە بایەک بە خێرایی 20 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو ئێوارەی شەممە ناوبەناو بەردەوام دەبێت، بەڵام خۆڵبارین نابێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی پێنجشەممە لە باشووری کوردستان بەمێشوەیەی خوارەوە دەبێت. 
 
- هەولێر؛ 43 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 40 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 41 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 45 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 43 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 42 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 39 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 46 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 29 پلەی سیلیزی