بۆ دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد و لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە؛ شاندەکەی یەکێتی دواتر سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و سەرۆکی شاندەکە گوتی، ئامانجی سەردانەکانیان ئەوەیە کورد بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە سەردان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان کردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2023، لە شاری سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و کۆمەڵ، رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەرۆکایەتیی شاندی حیزبەکەشی دەکرد، لەگەڵ د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.
بێستوون حەمەساڵح گوتی، کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەردوولایان "جەختیانکردەوە" کە کورد یەکدەنگ بێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
بێستوون حەمەساڵح گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بەڵێنێکیان بە یەک نەداوە و تەنیا گفتوگۆیان کردووە و بۆچوونیان لەیەکەوە نزیکە بۆ یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
هەروەها رزگار حاجی حەمە گوتی، لە زۆر پرسدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری یەکدەنگ بوون و سەردانەکەیان تایبەت بووە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گوتی: "پێکهاتەکانی دیکە [لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان] خۆیان کۆکردووەتەوە و بە یەکدەنگی دەیانەوێت زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن؛ ئێمەش لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری یەکدەنگ بووین لەسەر گرنگی و پێویستی یەکدەنگی کورد، هیچ هێڵێکی سوورمان بۆ یەکڕیزی بۆ هیچ لایەنێکی کوردستانی نییە".
کاژێر 02:45ـی دوای نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش یەکێتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەدابوون و هیچ لێدوانێک و راگەیێندراوێکی فەرمییان نەبووە.
یەکشەممەی رابردوو 9ـی تەممووز، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەبێ ئەنجامێکی روون و بە تووڕەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، بە تووڕەییەوە گوتی، "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە."
هەروەها فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بووە. لەبارەی تووڕەبوونی بافڵ تاڵەبانیشەوە گوتی: "هاوڕێیەکی ئێمە لێدوانێکی دابوو و هاوڕێیانی یەکێتی پێی ناڕەحەت بوون، بەڵام ئەو لێدوانە سیاسەتی فەرمیی حیزب نەبوو. ئێمە نەمانگوتووە یەکێتی هێز نییە".
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتیدا، سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، "یەکێتی حەجم و قەبارەی وەکو جاران نەماوە و دەبێت پێداچوونەوە بە حەجم و قەبارەی بکات."
دوای نیگەرانییەکانی یەکێتی، سالار عوسمان لە روونکردەوەیەکدا گوتی، ئەوەی لەسەر یەکێتی گوتویەتی بۆچوونی خۆی بووە نەوەکو پارتی دیموکراتی کوردستان.