شێوازی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر ناڕەزایی ئاژەڵدۆستانی لێدەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

شێوازی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر ناڕەزایی ئاژەڵدۆستانی لێکەتووەتەوە و دەڵێن، بەشێوەیەکی "نەشیاو" سەگەکان کۆدەکرێنەوە. بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەولێر کە ئەرکی کۆکردنەوەی سەگەکانیان لە ئەستۆدایە دەڵێت، کارمەندەکانیان ئەزموونیان کەمە. 
 
هەرچەندە تەنیا دوو رۆژە سەگی بێلانە لە هەولێر کۆدەکرێتەوە و رەوانەی شێڵتەرە نوێیەکە دەکرێت کە 20 دۆنم زەوییە، بەڵام پڕۆسەکە ناڕەزایی ئاژەڵدۆستانی لێکەوتووەتەوە. رۆژی چوارشەممە 12ـی تەمموزی 2023، مەرزیە حەسەن، ئاژەڵدۆست لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبووە سەگ بە بارهەڵگری زبڵ و خاشاک کۆبکرێتەوە لەم وەرزی گەرما و هاوینەدا. بەداخەوە لە هەولێر وا کۆدەکرێتەوە کە هیچ ویژدانێک قبووڵی ناکات." 
 
ئەو ئاژەڵدۆستە گوتی، ئەوان وەکو ئاژەڵدۆستان دەیانەوێت ئاگاداری کۆکردنەوەی سەگەکانی هەولێر بن و ئامادەشن هاوکاری تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە؛ گوتیشی، "خۆم چەند ساڵە پارە لە چارەسەری سەگدا خەرج دەکەم. ئێستا هەر ناهێڵن سەردانی شێڵتەرەکە بکەم، لەکاتێکدا سەردانمان بۆ هاوکاریکردنی سەگەکانە، نەوەک بەرژەوەندییەکی کەسی." 
 
خەبات محەممەد، ئاژەڵ دۆستێکی دیکەیە و ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دژی کردنەوەی شێڵتەر نین و پێمان باشە، بەڵام ناکرێت لە شوێنێکی چۆڵدا بن کە تەنانەت دارێکیشی تێدا نەبێت. کۆکردنەوەی سەگەکان زۆر باشە لە شێڵتەردا، بەو مەرجەی دوای نەزۆککردنیان ئەوانەی ساخن بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان و ئەوانەشی کێشەی تەندروستییان هەیە لە شێڵتەر خزمەت بکرێن." 
 
ئەو ئاژەڵدۆستە گوتی، لەو گەڕەکەی تێیدا دەژی سێ سەگ هەبووە پێش نزیکەی چوار ساڵ نەزۆکی کردوون و ئێستاش هەر سێ سەگن و سەگەکان خۆیان رێگەیان نەداوە سەگی دیکە بچنە کۆڵانەکە و زیادیان نەکردووە؛ گوتیشی، "سەگ توانای ژیانی بۆ نزیکەی 13 ساڵ هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئازاردانیان و گرنگینەدان پێیان، کەمیان تەمەنیان دەگاتە سێ ساڵ." 
 
خەبات محەممەد بە گرنگی زانی کە ئاژەڵدۆستان چاودێریی شێڵتەرەکان بکەن و گوتی، "کرێکارێک کاتێک سەگێک دەگوازێتەوە بە گڵاو لێی دەڕوانێت و ناتوانێت وەکو پێویست کارەکەی بکات، بەڵام چاودێریی ئاژەڵدۆستانی لەسەر بێت زۆر باشتر دەبێت و دەتوانن رێنوێنی کرێکارەکانیش بکەن." 
 
ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەولێر کە سەرپەرشتی گرتن و گواستنەوەی سەگەکانی هەولێر بۆ شێڵتەرەکە دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوو رۆژی رابردوودا کە هەڵمەتی گرتنی سەگەکانیان دەستپێکردووە نزیکەی 50 سەگیان کۆکردووەتەوە و بردوویانەتە شێڵتەر.
 
لەبارەی ئەو رەخنانەی لە شێوازی گرتنی سەگەکان و گواستنەوەیان لێیان دەگیرێت، ژیار جەلال گوتی، "کارمەندەکان ئەزموونیان نییە؛ سەگی وڵاتی ئێمەش دەستەمۆنین و بە ئاسانی ناگیرێن؛ بۆیە بەو شێوازە کۆدەکرێنەوە." 
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر گوتی، "ئاژەڵدۆستان ناڕەزایی دەردەبڕن لە شێوازی کۆکردنەوەی سەگ و بردنیان بۆ شێڵتەر، بەڵام لەکاتێکدا سەگێک منداڵێک دەخوات، پەلاماری خەڵک دەدات ئەوان بێدەنگن؛ پێشتر خەڵک پەیوەندیی پێوەدەکردین و دەیانگوت دوو رۆژ منداڵەکەی بەهۆی زۆری سەگەوە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە." 
 
ژیار جەلال دەڵێت، دڵنیایی دەدەن کە سەگەکان لە شێڵتەردا ژیانێکی "زۆر باش" دەژین و هەموو خزمەتگوزارییەکیان هەیە؛ گوتیشی، "هەموو سەگەکان بە نەشتەرگەرییەک کە نزیکەی پێنج خولەکی دەوێت نەزۆک دەکرێن، هەرکاتێک شێڵتەرەکە پڕبوو ئەوکاتە ئەوانەی نەزۆک کراون و دەرزی دژە هارییان بۆکراوە دەگەڕێندرێنەوە نێو ئاوەدانی و شوێنەکانیان بۆ سەگی دیکە چۆڵ دەکرێت."  
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر دەشڵێت، لە داهاتوودا پێویستیان بە هاوکاریی ئاژەڵدۆستان و هەموو خەڵکی سنووری هەولێر دەبێت بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان و گوتیشی، "لە داهاتوودا هەر هاونیشتمانییەک سەگی هەبێت، دەتوانێت بیهێنێتە شێڵتەرەکە بەخێو دەکرێت و نەزۆک دەکرێت، ئەگەر بشیەوێت دواتر رادەستی دەکرێتەوە." 
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە سنووری هەولێر نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە هەن.