پۆلیس: چەکەکانتان تۆمار نەکەن، زیندانی دەکرێن و پارەشتان لێ دەسەندرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 22ـی ئەم مانگە دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی چەکی هاونیشتمانییان و هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی نەدراوە؛ هەر کەسێکیش دوای ئەو وادەیە چەکەکەی تۆمار نەکات، زیندانی دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2023، موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 22ـی ئەم مانگە دوایین کاتە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەیە لە بنکەکانی پۆلیس تۆماری بکەن؛ گوتیشی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی چەک نییە."
موقەدەم کارزان ئاماژەی بەوە کرد، دوای 22ـی تەممووز هەر کەسێک چەکی پێ بگیرێت، بەگوێرەی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکرا، بریتی دەبێت بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک تووند کراون لەچاو یاسای پێشوو. ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنیی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد "بەمەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی تاوەکو رۆژی 21ـی تەمموزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە فەرمانی (رێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو."
پۆلیسی هەرێمی کوردستان وەک گوتەبێژەکەی باسی کرد، ئاماری وردی ئەو کەسانەیان لەبەردەستدا نییە کە چەکەکانیان تۆمار کردووە، بەڵام مانگی رابردوو "خەڵکێکی زیاتر" لە مانگەکانی پێشتر چەکەکانیان لە بنکەکانی پۆلیس تۆمار کردووە.
شوێنی تۆمارکردنی چەک لە پارێزگاکان لەم شوێنانەی خوارەوەن:
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
- بنکەی پۆلیسی ئازادی – بەشی پۆلیسی ناوشار-رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی راپەڕین - بەشی پۆلیسی ناوشار- رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە – قەزای عەنکاوە
- بنکەی پۆلیسی خەبات – قەزای خەبات
- بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە – قەزای شەقڵاوە
- بنکەی پۆلیسی پیرمام – قەزای پیرمام
- بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر – قەزای دەشتی هەولێر
- بنکەی پۆلیسی کۆیە – قەزای کۆیە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:
- بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ – بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی چوارچرا - بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی سەیدسادق – قەزای سەیدسادق
- بنکەی پۆلیسی شارەزوور – قەزای شارەزوور
- بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان – قەزای دەربەندیخان
- بنکەی پۆلیسی قەرەداخ – قەزای قەرەداخ
- بنکەی پۆلیسی ماوەت – قەزای ماوەت
- بنکەی پۆلیسی پێنجوێن – قەزای پێنجوێن
- بنکەی پۆلیسی شارباژێڕ – قەزای شارباژێڕ
- بنکەی پۆلیسی دووکان – قەزای دووکان
- بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ – قەزای چەمچەماڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک:
- بنکەی پۆلیسی نزارکێ – بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی ماڵتا - بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی بەردەڕەش – قەزای بەردەڕەش
- بنکەی پۆلیسی شێخان – قەزای شێخان
- بنکەی پۆلیسی سێمێل – قەزای سێمێل
- بنکەی پۆلیسی ئامێدی – قەزای ئامێدی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە:
- بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە – بەشی پۆلیسی دەوروبەر
- بنکەی پۆلیسی بیارە – ناحیەی بیارە
- بنکەی پۆلیسی سیروان – ناحیەکانی خورماڵ و سیروان
- بنکەی پۆلیسی بەمۆ – ناحیەی بەمۆ