دەستدرێژیکاری سەر منداڵێکی 6 ساڵانی بۆکان لەسێدارە درا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدانی دەستدرێژیکاری سەر منداڵێکی 6 ساڵانی بۆکان جێبەجێ کراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، (ا. خ) کە بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر نیان چەلبیانیی تەمەن 6 ساڵانەوە سزای لەسێدارەدانی لە شاری بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرچووبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 12-07-2025 سزاکەی لە گۆڕەپانێکی شارەکە جێبەجێ کرا.
 
هاوکات ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە لەسێدارەدانی دەستدرێژیکارەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "ئەو تاوانبارەی بە تاوانەکەی هەستی هاووڵاتییانی بریندار کرد، ئەمڕۆ سزاکەی لەنێو خەڵکدا جێبەجێکرا."
 
شەوی 16-01-2025 باوکی نیان و ئەو ژنەی کە دەگوترێت گوایە پەیوەندیی لەگەڵی هەبووە، نیانیان گەیاندە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان.
 
پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان کاریگەریی دەستدرێژیی سێکسی، ئازاردان و سووتاندنیان لەسەر جەستەی ئەو کچە بینی، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار کرانەوە و هەر لەوێ باوکی نیان دەستبەسەر کرا. نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا، بەڵام رۆژی دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
 
ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردە سەر نیان، کوڕێکی تەمەن 19 ساڵانی خەڵکی سەقز بوو.
 
ئەو کوڕە هاتووچۆی ماڵی باوکی نیانی کردبوو، لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە دەستدرێژیی کردووەتە سەر نیان و گوتی، لەژێر کاریگەریی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا ئەو کارەی کردووە.
 
سێ کەسی دیکەش بەهۆی بەشداربوون لە تاوانەکە هەریەکەیان بە 15 ساڵ بەندکردن سزادران، کە یەکێکیان باوکی نیانە و دووانیان دایک و خوشکی دەستدرێژیکارەکەن.
 
15ی ئاداری ئەم ساڵ فەرزانە رەحمانی، دایکی نیان کە بەر لە رووداوەکە لەگەڵ هاوژینەکەی جیاببووەوە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "باوکی نیان پەیوەندیی لەگەڵ کچ و دایکێکدا هەبووە پێکەوە، پەیوەندییەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان بووە و بۆ ساڵێک کوڕی ئەو ژنە دەستدرێژیی کردووەتە سەر نیان و باوکیشی ئاگادار بووە، بەڵام گوتوویەتی کێشە نییە و کە نیان بووە 9 ساڵ لە کوڕەکەی مارە دەکات، هەر چواریان بەیەکەوە ئازاریان داوە."
 
مردنی نیان ناڕەزایی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا و داوای لەسێدارەدانی تاوانبارانیان کرد، دواتر ئەو 4 کەسە بە تۆمەتی دەستدرێژی و کوشتنی بەئەنقەست دادگایی کران.