نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ هەر پشتیوانییەک دەردەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە چەکدانانی گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەکە دەردەبڕێت، ئەگەر لایەنەکان داوای لێبکەن.
دوێنێ هەینی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
لەم بارەیەوە ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا باسی لە "رێککەوتن"ی نێوان حکومەتی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دەم پارتی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، "ئێمە زۆر بە گەرمی پێشوازی لە کاراکردنی رێککەوتنەکە دەکەین؛ هیوادارین ببێتە هاندەر بۆ هەنگاوی زیاتر بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا."
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، چاوەڕێی داوای فەرمین بۆ گێڕانی رۆڵ، "ئێمە ئامادەین بە هەر شێوەیەک کە بتوانین پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بکەین، ئەگەر داوامان لێ بکرێت."
چەکدانانی سیمبوولیی گرووپێکی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.