بارەگای بارزانی: پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە بەغدا بدەین
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی دەڵێت، لەسەر داوای بەغدا و رەچاوکردنی بارودۆخی گشتی، "پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە [کێشەی مووچە] بدۆزنەوە."
رۆژی شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاوکردەوە.
بارەگای بارزانی دەڵێت، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبووەوە و بڕیار بوو "هەڵوێست" لەسەر پرسی مووچە وەربگرن، بەڵام فوئاد حوسێن بە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی راگەیاندووە، "لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، "پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە."
بارەگای بارزانی دەڵێت، "هەمیشە بڕوامان بەوە هەبووە کە ئەگەر رێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین."
دەقی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی:
راگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت.
هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.
بارەگای بارزانی
12ی تەممووزی 2025