بەهۆی تەزووی کارەباوە پۆلیسێک لە شەقڵاوە گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی نزیک شەقڵاوە بەهۆی تەزووی کارەباوە پۆلیسێک گیانی لەدەستدا؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە دەڵێت، دوای زیاتر لە سێ کاژێر زانراوە کەسەکە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
 
رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2022، موحسین قەسرۆکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی نەریمان عەزیزە، تەمەنی 37 ساڵە و دەوامی لە قەزای شەقڵاوە بووە.
 
نەریمان عەزیز خاوەن باخ بووە لە گوندی کەوەرتیان لە نزیکی شەقڵاوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە تەنیا سەردانی باخەکەی کردووە؛ دوای ئەوەی نەگەڕاوەتەوە باوکی چووەتە سۆراخی و بینیوویەتی گیانی لەدەستداوە. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە گوتی، "تەرمەکە رەش و شین ببوویەوە، نیشانەی ئەوەیە چەند کاژێرێک پێش دۆزینەوەی گیانی لەدەستداوە." 
 
تەرمەکە کاژێر 06:30 ئێوارە گەیێندرایە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، دواتر رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کرا.