ئامادەنەبوونی بەریتانیا بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە گفتوگۆ نهێنییەکانی شەریف پاشا و باڵیۆزانی ئەو وڵاتەدا
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی، گفتوگۆی نێوان شەریف پاشای خەندان و باڵیۆزەکانی بەریتانیا لە ناوچەکە دەریدەخەن کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، بەریتانیا دژی سەربەخۆیی کوردستان وەستاوەتەوە، چونکە ئەوەی بە مەترسی بۆ سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، ئێران و تورکیا زانیوە.
بەڵگەنامەکان پێشانیدەدەن، شەریف پاشا کە یەکێک بووە لەوانەی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە سەرکردایەتیی هەوڵەکانی کوردی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان کردووە، داوای لە بەریتانیا کردووە، هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و موسڵ دروستبکەن، بەڵام بەریتانیا ئامادە نەبووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ کورد بکاتە قوربانی و پێی وابووە، دامەزراندنی هەرێمێکی لەو جۆرە لە عێراق، کوردی تورکیا و ئێران بۆ هەمان ئامانج هان دەدات.
پسپۆڕێکی مێژووی کوردیش دەڵێت، "کورد لەو قۆناخەدا ئەو هێزەی نەبووە کە بە سەربەخۆیی بیگەیێنێت. هەڵەکە لە کورد خۆیدا بووە."
هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کوردستان
یەکێک لە بەڵگەنامەکان، یاداشتێکی وۆڵتەر سمارت، باڵیۆزی ئەو کاتی بەریتانیا لە قاهیرەیە کە تێیدا باس لەوە دەکات، شەریف پاشا لە بەرەبەیانی 26ی نۆڤەمبەری ساڵی 1945 بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە رووسیا پلانی هەیە لە ئێرانەوە خۆی بگەیێنێتە کەرکووک و دەست بەسەر بیرە نەوتەکانییدا بگرێت.
شەریف پاشا بە باڵیۆزەکە دەڵێت، ئەوان هەمیشە چاکەی بەریتانیایان دەوێت و داوای لێدەکات بەریتانیا پشتیوانی لە دروستبوونی هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بکات بۆ ئەوەی دژی رووسیا پشتیوانی لە بەریتانیا بکەن، لە کاتێکدا کە لایەنەکانی جەنگی دووەمی جیهانی سەرقاڵی داڕشتنەوەی نەخشەی جیهانی نوێ بوون و کوردیش هیوای دەخواست سنووری دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ بکێشرێت.
وۆڵتەر سمارت بە شەریف پاشای گوتووە، ئەو ناتوانێت بڕیار لەسەر بابەتێکی لەو شێوەیە بدات، هەروەها عێراق، تورکیا و ئێران کە هەرسێکیان هاوپەیمانی بەریتانیان دژی هەر پشتگیرییەک دەبن بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
وۆڵتەر سمارت لە بارەی گفتوگۆکەی لەگەڵ شەریف پاشا، نامەیەک بۆ هیوو ستۆنهیووەر بێرد، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا دەنێرێت کە تێیدا هاتووە، "شەریف پاشا، کە بە تێگەیشتنی من، سەرۆکی کۆمیتەی کوردی بوو کە لە ماوەی دانوستاندنەکانی پەیمانی ڤێرسای لە پاریس پێکهات و دواتریش لە بارەی کوردستانێکی سەربەخۆ دانوستاندنی لەگەڵ سەرۆک ویڵسن کردبوو، ئەم بەیانییە پەیوەندی پێوە کردم. ئەو گوتی، لە ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری پارێزگەکانی کەرکوک، سلێمانی و موسڵەوە داوانامەیەکی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی داواکاریی پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بخرێتە بەردەم کۆنگرەی ئاشتی. بڕیار بوو دواتر نامەی واژۆکراوی بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی بە نووسراو بەو ئەرکە رایبسپێرن. ئەو گوتی کە هەمیشە لە بەرەی ئێمە بووە و هەرگیز بێ ئاگاداریی ئێمە ناجووڵێتەوە. بۆیە ویستی لەو شتەی کە روویداوە ئاگادارم بکاتەوە نەوەک لە سیخوڕەکانمانەوە راپۆرتمان پێگەیشتبێت کە ببنە هۆی دروستبوونی گومان لەسەری."
"دۆخی کوردستان لە رادەبەدەر مەترسیدارە"
لە درێژەی نامەکەیدا بۆ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، وۆڵتەر سمارت دەڵێت، شەریف پاشا گوتی، "دۆخی کوردستان لە رادەبەدەر مەترسیدارە. کوردی تورکیا هەرگیز لە تورک خۆش نابێت لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و مامەڵە دڕندانەیەی تورک لە کۆتاییەکانی بیستەکاندا بەرامبەری کردی. کۆمیتەی کوردی بە سەرپەرشتیی بەدرخان لە دیمەشق بە ئاراستەی پەرەدان بە سەربەخۆبوونی کورد لە تورکیا کاردەکات. لە فارس، رووسەکان بە پارە و ئامرازی دیکە کوردیان کۆنترۆڵکردووە. ئەگەر بەریتانیا زوو شتێک نەکات، رووسیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە کەرکووک دەبێت و لەسەر نەوتەکەمان دەبێت."
ئەوەش هاتووە، "لە ساڵی 1919دا ئەو دانوستاندنی لەبارەی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ کردبوو کە لە سێ پارچەی کوردستان لە عێراق، فارس و تورکیا پێکبێت. ئەو پێی وابوو جێگەی داخە کە ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن بەریتانیای مەزنەوە پشتگیری لێ نەکراوە. هەرچەندە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆی لەم قەبارەیە شتێکی کردەیی نەبووە، بەڵام گرنگە کوردستانی عێراق لە بەرەی بەریتانیا بمێنێتەوە و ببێتە بەربەستێک بە رووی گەشەسەندنی رووسیدا. کوردی عێراق لە لایەن عەرەبەوە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ نەکراوە، دەرفەتی خوێندنی پێویستی پێ نەدراوە و بەرپرسی عەرەبی بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی کاروباری ناوچەکەی بەڕێوەببرێت کە تەنیا تۆزێک کوردی دەزانن. گرنگ بوو کورد رێوشوێنی خوێندنی تایبەت بە خۆی و بەرپرسی کورد لە ناوچەکەیدا هەبێت. جەنەراڵ شەریف پاشا گوتی کە ئەو حەز دەکات بزانێت هەڵوێستمان لەبارەی پێشنیازی کوردستانی خۆبەڕێوەبەر لەنێو دەوڵەتی عێراقدا چی دەبێت."
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا و دژایەتیکردنی هەر هەوڵێکی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی
بێرد بە خوێندنەوەی ئەو هەواڵە توڕە دەبێت و لە 11ی کانوونی یەکەمی 1945 نامەیەک بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەنێرێت و دەڵێت، "لە باڵیۆزی خاوەنشکۆوە لە قاهیرە وێنەیەکی یاداشتی 26ی تشرینی دووەمی بەڕێز وۆڵتەر سمارتم پێگەیشتووە کە تێیدا باس لە گفتوگۆی خۆی لەگەڵ شەریف پاشا لە بارەی کاروباری کورد دەکات [...] ئەم کارە پێشێلکارییەکی زەقە دژی ئەو هەڵوێستە کە بەرپرسانی بەریتانی رێنمایی کراون بینوێنن و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە عێراقییەکان بە بێ متمانەیی تۆمەتبارمان بکەن. زۆر بە گرنگی دەزانم کە بەڕێز وۆڵتەر سمارت دەستبەجێ رێنمایی بکرێت بەوەی هیچ پەیوەندییەکی دیکەی لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ شەریف پاشا نەبێت."
چوار رۆژ دواتر، لە 15ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی دەرەوە لە لەندەنەوە نامەیەک بۆ باڵیۆزخانەکەی لە قاهیرە دەنێرێت و دەنووسێت، "بەڕێز ستۆنهیووەر بێرد سەرنجی ئێمەی راکێشاوەتە سەر گفتوگۆیەکی نێوان بەڕێز وۆڵتەر سمارت و شەریف پاشا لەبارەی کاروباری کورد، کە ئێوە لە 26ی تشرینی دووەم راپۆرتێکتان لە بارەیەوە بۆی ناردووە. ئێمە تاوەکو ئێستا وردەکاری گفتوگۆکەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام بەڕێز ستۆنهیووەر بێرد نیگەرانی دەردەبڕێت لەوەی ئەو کارە لەگەڵ ئەو هەڵوێستە یەکناگرێتەوە کە بەرپرسانی بەریتانی راسپێردراون لە عێراق بینوێنن و تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی عێراقییەکان بە بێ متمانەیی تۆمەتبارمان بکەن. ئەو هیوا دەخوازێت کە هیچ پەیوەندییەكی دیکە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ شەریف پاشا نەکرێتەوە."
بەریتانیا دژی دروستبوونەوەی دەوڵەتی عوسمانی بووە
لەبارەی ئەو بەڵگەنامانە، د. کەیوان ئازاد، پسپۆڕی مێژووی کورد رۆژی شەممە 12-7-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەریف پاشا بۆ دەوڵەتی عوسمانی کاری کردووە و بۆیە بەریتانییەکانیش کاتێک بینیویانە نوێنەرێکی کورد کە شەریف پاشایە دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە کە ئەوانیش دەیانویست لەنێوبچێت و جەنگی یەکەمی جیهانییان لەگەڵی کردووە، ئەمە وایکردووە بەریتانییەکان بەرامبەر کورد دوو دڵ بن."
ئەو پسپۆڕەی مێژووی کورد کە 17 کتێبی لەبارەی مێژووی کورد و کوردستان نووسیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بەڵگەنامانە نابنە بەڵگەی راستەقینە کە بەریتانیا دژی خواستەکانی کورد بووبێت. کورد لەو قۆناخەدا ئەو هێزەی نەبووە کە بە سەربەخۆیی بیگەیێنێت. هەڵەکە لە کورد خۆیدا بووە. ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە و تێڕوانینی ئەوان لە دیپلۆماسییەتی کوردیدا ئەوەیان بینیوە کە شەریف پاشا دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و ئەوانیش ئەوەیان نەویستووە. ئێمە نەمانتوانیوە ئەوان بخوێنینەوە."
ژیانی شەریف پاشا
شەریف پاشا لە ئاداری ساڵی 1919 بەناوی نوێنەرێکی متمانەپێکراوی کورد شێخ مەحموودی بەرزنجییەوە یاداشتێکی پێشکێشی کۆنگرەی ئاشتیی پاریس کرد و نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی یاداشتەکە و داوای کرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێت. بەھۆی یاداشتنامەکەیەوە ھاوپەیمانان ناوی کوردیان خستە بەندەکانی 62 و 63 و 64ی پەیمانی سیڤەرەوە کە مانگی ئابی ساڵی 1920 پەسند کرا. سێ ساڵ دوای ئەوە و لە کۆنفرانسی لۆزاندا ھەموو ئاواتەکانی شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا و کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر باری دەروونی جێهێشت.
شەریف پاشا ناوی تەواوی محەممەد کوڕی سەعید پاشای کوڕی حوسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندانە، لە ساڵی 1865 لە شاری سلێمانی لەدایکبوو، هەر لەوێ لە فێرگەی خواجەکان وانەی خوێند و لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید هاوپۆل بوو، لەوێ فێری زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسی بوو و دواتر چووە ئیستەنبووڵ و فێری زمانەکانی یۆنانی، ئیتاڵی و فەرەنسی بوو.
شەریف پاشا لە دەوڵەتی عوسمانیدا پلەی فەریقی وەرگرت و دواتر لە قوتابخانەی سەربازیی سانتسیر لە پاریس لە ساڵی 1889 پلەی جەنەراڵی وەرگرت، ساڵی 1890 ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچی عەباس حیلمی پێکهێنا، ساڵی 1898 نێردرایە سوێد و بووە باڵیۆزی عوسمانییەکان لە سوێد، لەوێ بووە دۆستی شای سوێد و فێری زمانی سوێدی و ئینگلیزیش بوو.
بە گوێرەی بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، شەریف پاشای خەندان کاری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کرد. ئەو سەرەتا لەنێو دەوڵەتی عوسمانیدا کاری کرد و پشتیوانی ئیتیحاد و تەرەقی کرد.
ئەو کەسایەتییە لە کۆتایی ساڵی 1951 لە شاری ناپۆلی لە ئیتالیا کۆچی دوایی کرد، پێش مەرگی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی بخەنە نێو دەریاوە، چونکە خۆی بە بێ وڵات دەزانی، بەڵام ئاواتەکەیان بەجێ نەھێنا و تەرمەکەی گوێزرایەوە قاھیرە و لەوێ بە خاک سپێردرا.