قه‌ده‌خەی خۆپێشاندان و چالاکی له‌ وان راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای وان، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌ و خێوه‌ت هه‌ڵدانی لە پارێزگەکەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند. 
 
پارێزگای وان دەڵێت، قەدەخەکردنەکە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێوخۆیی، رێگەگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانە، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە تووندوتیژی دەبێت.    
 
بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکەی باکووری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە پێناو یەکڕیزیی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە تووندوتیژیی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە 11مین مادەی یاسای ژمارە 5442ی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17مین مادەی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر.
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ی رۆژی 12ی ئاب تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 13ی ئابی 2023 بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەیە.