کەشناسی: پلەی گەرما لە بەرزیدا دەمێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما لە بەرزیدا دەمێنێتەوە و لە گەرمیان نزیکەی 50 پلەی سیلیزی دەبێت؛ کەشناسانیش دەڵێن، لە رۆژی دووشەممەوە ئەم شەپۆلەی گەرما کۆتایی دێت.
 
رۆژی شەممە، 12ـی ئابی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە پلەی گەرمای ئەمڕۆ و بەرزترین پلە لە گەرمیان دەبێت بە 50 پلەی سیلیزی، نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە 34 پلەی سیلیزی.
 
هاوکات، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی هاوشێوەی ئەمڕۆ پلەی گەرما بەرز دەبێت، لە دوو سبەی دووشەممەوە جگە لە گەرمیان کە 1 پلە دادەبەزێت، لە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە گەرما دوو پلە دادەبەزێت و تاوەکو 20ـی ئاب بەردەوام دەبێت و دوای ئەوەش پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت.
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتیشی، لەم مانگەدا پێشبینی ناکەن پلەی گەرما بەشێوەیەک دابەزێت هەست بە فێنکی بکرێت و ئەوە دەکەوێتە مانگی ئەیلوولەوە؛ گوتیشی، لە سبەی یەکشەممەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هەروەها ئیدارەی راپەڕین خێرایی با لە کاژێرێکدا 15 بۆ 40 کیلۆمەتر چالاک دەبێت.
 
هاوکات، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی دووشەممەوە پلەی گەرما بەرەو دابەزین دەچێت و بە قۆناخی جیا بەردەوام دەبێت؛ گوتیشی، "ئەو گەرمایەی چەند رۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە دوای 14ـی ئەم مانگەوە بۆ ئەمساڵ دووبارە نابێتەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 46 
سلێمانی؛ 44
دهۆک؛ 45
کەرکووک؛ 49
هەڵەبجە؛ 47
زاخۆ؛ 46
سۆران؛ 44
حاجی ئۆمەران؛ 34
گەرمیان؛ 50