بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارۆئاویی بەنداوی دووکان لە 400 مێگاواتەوە بۆ 50 مێگاوات کەمیکردووە، هۆکارەکەیشی کەمئاوی و وشکەساڵییە.
 
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دووکان لە 5 تۆڕباین، ئێستا یەک تۆڕباینی ئیش دەکات. دابەزینی رۆژانە دوو سانتیمەتر لە ئاوی بەنداوەکە ئاییندەیەکی ناڕوونی بۆ وێستگە کارۆئاوییەکە پێیە، بەرپرسانی ئەو وێستگەیە دەڵێن، ئەگەر بێتو لەوە زیاتر ئاو کەم بکات، ناتوانن هیچ تۆڕباینێک کارپێبکەن.
 
ئەبوبەکر حەمەحوسێن، بەڕێوەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دووکان دەڵێت، "لە 40 بۆ 50 ساڵی رابردوودا وشکەساڵیی ئاوا نەبووە، ئەگەر ئاستی ئاو 15 مەتر لە ئێستا بەرزتربێت، ئەو کات دەتوانین رۆژانە 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، بەڵام ئێستا لە تواناماندایە تەنیا 40 بۆ 50 مێگاوات بەرهەم بهیێنین."
 
کێشەکە تەنیا لە بەنداوی دووکان نییە، بەڵکو وشکەساڵی کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر وێستگە کارۆئاوییەکەی بەنداوی دەربەندیخانیش، بە شێوەیەک ئەو وێستگەیە توانای بەرهەمهێنانی 249 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی کەمئاوییەوە ئێستا رۆژانە 37 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 
سیروان محەممەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت، "ئێـمە سێ تۆڕباینمان هەیە، بەڵام ئێستا دەتوانین یەک دانەی ئیش پێبکەین بەهۆی کەم ئاوییەوە، کە توانای 37 مێگاوات کارەبای هەیە."
 
لە هەرێمی کوردستان، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا حکومەت 95% پشت بە وێستگە غازییەکان دەبەستێت، بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا لە دوو وێستگە کارۆئاوییەکەی دەربەندیخان و دووکان، کە دۆستی ژینگەن، چاویان لەوەیە ساڵی داهاتوو وەرزی باران تەڕ و باراناوی بێت.