بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق: لە ئۆتۆمبێلی چینی بەرپرس نین و نەگونجاون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆیۆتا کە لە چین دروست دەکرێن، کۆمپانیاکەیان بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت و گرێنتی سەلامەتییان ناکات، هەربۆیە پێویستە حکومەتی عێراق هاوشێوەی سعودیە، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو، هاووڵاتییەکانی بپارێزێت لە کڕینی "ئۆتۆمبێلی نەشیاو" و رێگری لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا چینییانە بکات.
تاداشی تانیمۆتۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "ئێمە کار لەسەر پاراستنی کڕیارانی تۆیۆتا دەکەین، لەپێناو پاراستنی براندی تۆیۆتا هەندێک رێکارمان لە عێراق گرتووەتەبەر." گوتیشی، ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگری لە هاوردەکردنی تۆیۆتای چینی بکات، "چونکە ئەو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتایانەی لە چین دروستدەکرێن، کۆمپانیای تۆیۆتا پەسندی نەکردوون و بەرپرسیارێتییان هەڵناگرێت."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق ئاماژەی بەوەش دا، کۆمپانیاکەیان بە لەبەرچاوگرتنی ژینگە، رێگەوبان و شێوازی بەکارهێنان، ئۆتۆمبێلەکانی بۆ وڵاتانی جیهان دروستدەکات، بۆ عێراقیش بە هەمان شێوە بریکاری فەرمیی هەیە و چەندین وردەکاریی لەو ئۆتۆمبێلانە رەچاو دەکات کە هەناردەی عێراقیان دەکات.
سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتایانەی لە چین دروستدەکرێن، تانیمۆتۆ گوتی، "کۆمپانیای تۆیۆتا تەنیا مۆڵەتی پێداون کە هێما بازرگانییەکەی بەکاربهێنن و بەرپرس نییە لە نێوەڕۆک، سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکە و رێگەش نادات هەناردەی ئەو وڵاتانە بکرێن کە کۆمپانیاکەی خۆی بە فەرمی کاریان تێدا دەکات و لقی هەیە؛ ئۆتۆمبێلیشیان بەپێی پێداویستی بۆ دروستدەکات."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق هۆشداری دەداتە بازرگانان و دەڵێت، "تۆیۆتا بە مافی خۆی دەزانێت بەپێی یاسا هەوڵی پاراستنی نێوبانگ و هێمای بازرگانی خۆی بدات؛ رێگەنەدات بەرهەمی خراپ و نەگونجاو لەگەڵ ژینگە و کەشوهەوای وڵاتێک بە هێمای تۆیۆتاوە بخرێنە بازاڕ، هەروەکو بە مافی خۆی دەزانێت کڕیارەکانی لە سەرانسەری جیهان بە پارێزراوی بهێڵێتەوە و رێگە نەدات بازرگانی و بازاڕی رەش زیان بە کڕیارەکانی تۆیۆتا بگەیێنن."
وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە نووسراوى فەرمى دەستەى گشتیى گومرگى فیدراڵیى ئاگادار کردووەتەوە، دەبێت هاوردەکارانى ئۆتۆمبێلەکانى جۆرى (تۆیۆتا، لێگزس و هینۆ) رەزامەندیى لایەنى پەیوەندیدار وەربگرن، کە رێگەپێدراوى بەکارهێنانى ئەو لۆگۆیانەیە و سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق دەڵێت، "خاوەن دووکان و کۆمپانیاکان ناتوانن بێ مۆڵەت لۆگۆی تۆیۆتا بەکاربهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت مۆڵەتی فەرمی لە کۆمپانیای دایک وەربگرن."
سەردار حوسێن بیبانی، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نووسراوێکی فەرمیمان لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە پێگەیشتووە، لەسەر ئەوەی کێن ئەوانەی مافی بەکارهێنانی لۆگۆی کۆمپانیای تۆیۆتایان هەیە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، تەنیا ئەوانەی لە کۆمپانیای دایک (بریکاری سەرەکیی تۆیۆتا) مۆڵەتیان هەیە، دەتوانن بەکاریبهێنن."
"دەبێت بە رەزامەندی ئێمە بێت"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. ئاوارە ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و پابەندیی تۆیۆتا لە عێراق گوتی، "تۆیۆتا مافی خۆیەتی هێمای بازرگانیی خۆی بە پارێزراوی بهێڵێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەر وڵاتێک کار بکات بەپێی یاسا داکۆکی لە مافی خۆی دەکات بۆ پاراستنی کۆمپانیا، بەرهەم، کڕیار، ناوبانگ و پێگەی خۆی."
د. ئاوارە ئازاد ئەحمەد گوتیشی، "بەپێی ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق، لەمەودوا هەر کۆمپانیا و بازرگانێک هەوڵ بدات ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا هاوردەی عێراق بکات، پێویستە بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیای (تۆیۆتا عێراق) ئاگادار بکرێتەوە، ئەگەر لای ئێمە پەسند کرا، ئەوکات لە سنوورەکان رێگە بە هاوردەکردنی دەدرێت، پەسندیش نەکرێت بە دڵنیایی رێگەی پێنادرێت هاوردەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت."
"مەترسیی قۆرخکاریی بازاڕ"
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ قەدەخەکردنی هاوردەی ئۆتومبێلی "تۆیۆتای چینی" مەترسیی لای کۆمپانیا و بازرگانەکانی ئۆتومبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردووە؛ بە گوتەی خۆیان، مەترسییان هەیە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی قۆرخکردنی بازاڕ بۆ کۆمپانیایەکی دیاریکراو.
مەحموود جەمال، خاوەن پێشانگە و بازرگانی ئۆتۆمبێل لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بازاڕی ئۆتومبێلی نائارام کردووە، خواست لەسەر ئەو جۆرە ئۆتومبێلانە زیادی کردووە و کڕیاران پێیانوایە بەهۆی رێگریی لە هاوردەکردنی و کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە چینییانە لە بازاڕەکان، نرخیان بەرز دەبێتەوە و لە ئێستاوە دەیانکڕن."
ئەو خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە رەتیکردەوە تۆیۆتا چینییەکان کێشەیان هەبێت و گوتی، "ئۆتۆمبێلی جۆری (تۆیۆتا کۆرۆلا) خواستێکی زۆری لەسەرە، بەو پێیەی لە وەرزی گەرما کێشەی نییە، سیستمی ساردکەرەوەکەی زۆر باشە و بەکارهێنەرانی هیچ گرفتیان نییە. جگە لەوانەش تایبەتمەندیی زۆر بەرزی تێدایە، نرخیشی زۆر گونجاوترە لە هەمان مۆدێلی ئۆتۆمبێل کە کۆمپانیای تۆیۆتا خۆی هاوردەی عێراقی دەکات."
بە گوتەی مەحموود جەمال، مەترسییەکە ئەوەیە بەهۆی ئەم بڕیارانەوە بازاڕی ئۆتومبێل بۆ چەند کۆمپانیایەک قۆرخ بکرێن، لە کاتێکدا بازاڕ ئازادە و لە هەر شوێنێکەوە ئۆتۆمبێل هاوردە بکرێت بە کوالێتی کۆنترۆڵ لە سنوورەکان تێدەپەڕێت، ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نەبێت لەڕووی یاساییەوە رێگەیان پێنادرێت.
کۆمپانیاى تۆیۆتا لە عێراق و هەرێمى کوردستان 6 بریکاری سەرەکى و رێگەپێدراوى هەیە، کە دەتوانن بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە بفرۆشن.