فایەق زێدان: رێکاری تووند دژی سەرپێچیکارانی سەر پڕۆژەکانی ئاودێری دەگیرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادگە تایبەتمەندەکانی راسپارد رێکارەکان بەرامبەر ئەو کەسانە تووندتر بکەن کە بە زێدەڕۆیی و سەرپێچی پڕۆژەکانی ئاودێری و سەرچاوەکانی ئاو بەکاردێنن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بڕیارەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی فایەق زێدان، "بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی کەمئاوی بووە کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و، بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرپێچییەکانی سەر رووبارە سەرەکی و لاوەکییەکان و حەوزی ماسییە نایاساییەکان دەرکراوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دادگەکان راسپێردراون بۆ تووندکردنی سزاکان و رێکارەکان دژی سەرپێچیکاران، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای ژینگەی ژمارە (83)ی ساڵی 2017.
یاسای ژمارە 83ـی ساڵی 2017، یاسایەکی تایبەتە بە رێکخستنی بەڕێوەبردنی ئاو لەلایەن وەزارەتی ئاوی عێراقەوە و ئامانج لێی دیاریکردن و چاودێریکردنی پشکەکانی ئاو و پاراستنی ژێرخانی ئاوە.
هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە رێگری لە هەر دەستوەردانێک بکرێت کە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم کاری فەرمانگەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، رۆژی 4ـی ئەم مانگە رایگەیاند: "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دادەنرێ کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتەهۆی زیادبوونی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق."
رۆژی شەممەش سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق بە رووداوی گوت: "وشکەساڵیی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە لە ساڵی 1933ـەوە عێراق بەخۆیەوە بینیبێتی".