فراکسیۆنی نەوەی نوێ: هێزێکی یەکێتی شاسوار عەبدولواحیدی رفاند
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "هەڵیکوتاوەتە" سەر ماڵی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رفاندوویانە.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 10:00ـی شەو، هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید و رفاندیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات "رفاندنەکە" دوای ئەوە هات شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەگەر لەم هەفتەیەدا کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێ و حکومەت رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق جێبەجێ نەکات، "ئەوا لە هەفتەی داهاتوودا نەوەی نوێ هەڵوێستی کرداریی گرنگی دەبێت."
فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەرکۆنەی ئەو رەفتارە دەکات و دەڵێ: "بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە کۆنسووڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت و لە ئاستی ئەو رەفتارە نایاساییە بێدەنگ نەبن."
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاسوار عەبدولواحید بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە".