دوو لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێنوێنیی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ لە کەرکووک پێکدەهێنرێن
رووداو دیجیتاڵ
رێنوێنیی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوی کورد و تورکمان لە کەرکووک لە ئەنجوومەنی دەوڵەتە. دوو لیژنە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە پێکدەهێندرێت کە زیاتر لە 300 هەزار دۆنمە.
ئاری تەها، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان رێنوێنییەکانیان ئامادە کردووە و نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و دواتر بنێردرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسندکردنی.
21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەگوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی دەرکردنی رێنماییە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
ئاری تەها، کە هاوکات بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دیوانی پارێزگاری کەرکووکە، ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی رێنماییەکان دوو لیژنە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێکدەهێنرێت، کە یەکێکیان بۆ وردبینی لە داواکارییەکان و ئەوەی دیکەیان بۆ قەرەبووکردنەوەکەیە.
بەگوێرەی رێنوێنییەکان، ئەو لیژنەیەی کە داواکارییەکانی وەرگرتنەوەی زەویوزار وەردەگرێت و وردبینیی تێدا دەکات، بە بەشداریی نوێنەرانی کشتوکاڵ، دارایی و تۆماری خانووبەرە دەبێت و لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لیژنەکەی دیکەش کە بۆ شێوازی قەرەبووکردنەوەیە، لەلایەن یاریدەدەری پارێزگارەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەو بڕیارانەی هەڵوەشێنراونەتەوە، لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 1984 دەرکراون. ئەو عەرەبە هاوردانەی زەوییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە بە خاوەنە رەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن، بەرامبەر بەوەی لە شوێنی دیکە زەوییان پێدەدرێت و ئەو خەرجییانەش کە لەسەر زەوییەکان کردوویانە، بە پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.
رووبەر ئەو زەوییانەی بەگوێرەی ئەو یاسایە دەگەڕێندرێتەوە، زیاتر لە 300 هەزار دۆنمە لە سنووری پارێزگاری کەرکووک، کە بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، دوای داگیرکردنیان کراون بە ناوی وەزارەتەکانی دارایی و کشتوکاڵەوە، بەپاساوی ئەوەی بۆ سوودی گشتی بەکاردەهێندرێت.