کارکردن لە رێگەی دەربەندیخان – سلێمانی دەستپێدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای تەواوکردنی دووسایدکردنی رێگەی نێوان کەلار و دەربەندیخان، کارکردن بۆ بە دووسایکردنی رێگەی دەربەندیخان بۆ سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەبێ ئەوەی بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، کۆمپانیای جێبەجێکار دەستیکردووەتەوە بە کارەکانی".
 
دووسایدەکە لە دەربەندیخانەوەیە تاوەکو نزیک ناحیەی زەڕایەن، چونکە لەو ناحیەوە تاوەکو سلێمانی پێشتر کراوەتە دووساید.
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "کارکردن لە رێگەی ناوتاقیش دەستیپێکردووەتەوە، کە رێگەیەکی تایبەتە لە دەربەندیخانەوە بۆ نزیک زەڕایەن و ئێستا قیرتاوکردنی چینی دووەمی نۆ کیلۆمەتری دەکرێت".
 
رێگەی ناوتاق 21 کیلۆمەترە، سلێمان محەممەد دەڵێت: "جیا لە نزیککردنەوەی رێگەکە، ئێمە داوامانکردبوو بۆ بارهەڵگرەکان بەکاربهێندرێت و قەرەباڵخی رێگەسەرەکییەکە کەم بکاتەوە".
 
بە تەواوبوونی رێگەی ناوتاق بۆ زەڕایەن، ژمارەیەک گوندی سنوورەکەش لە رێگەکە سوودمەند دەبن و هاتووچۆی گەشتیاریی ناوچەکەش ئاسان دەکات.
 
ئەو رێگەیە کە ئیدارەی گەرمیان بە شاری سلێمانیەوە دەبەستێتەوە، یەکێکە لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە چەندین رووداوی سەختی هاتووچۆ تێیدا روودەدەن.
 
لەبارەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار بۆ دەربەندیخان کە چەند ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت، عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو دەربەندیخان رێگەکە تەواو بووە و بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە".