گۆڕان یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێ نەوشیروان مستەفا ئەنجامدەدات

رووداو-هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان یەکێک لە پارتە سەرەکییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە کە لە ساڵی 2009 دامەزراوە و بەشداریی لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کردووە.


بزووتنەوەی گۆڕان، وەک قەوارەیەکی سیاسی و لیستێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی 2009 لەلایەن نەوشیروان مستەفا دروستکرا. 

رۆژی 28-4-2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند.  

بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27-8-2009 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2009 لیستی گۆڕان 25 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 111 کورسی بەدەستهێنا کە دواتر 4 ئەندام پەرلەمانی گۆڕان دەستیان لەکار کێشایەوە.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵی 2010 لیستی گۆڕان هەشت کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان 24 کورسی لە کۆی 111 کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا و بووە هێزی دووەم لە نێو پەرلەمانی کوردستان.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریکرد و 9 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. هەروەها لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریکرد و 5 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

بزووتنەوی گۆڕان لە کابینەی 7ئۆپۆزیسیوونی پەرلەمانی بوو و بەڵام لە کابینەی هەشت بەشداری لە حکومەتدا کرد. بزووتنەوەی گۆران بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان 100 بەربژێری پێشکەشکردوون کە 30 لەو بەربژێرانە ژنن و لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە بەبێ نەوشیروان مستەفا بەڕێی دەکات.