عومەری سەید عەلی وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەمێنێتەوە
رووداو- سلێمانی
هەڵبژاردنەکانی نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیانپێکردووە و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن؛ عومەری سەید عەلی بەردەوام بێت لە رێکخەری گشتیی ئەو حیزبە.
عومەری سەید عەلی، یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بووە و پێشتریش لەنێو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زۆر لە پۆستە گەورەکانی وەرگرتووە.
چەند بەرپرسێکی گۆڕان، لەبارەی ئەدای عومەری سەید عەلی لە کارەکانیدا قسەیان بۆ رووداو کردووە و لەسەر کارەکانی لە ماوەی رابردوودا، رای جیاوازیان هەیە.
ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن باوەڕیان وایە: کەسێکی نەرم بووە و لە میدیاکان دوورە و گوتاری سیاسی کەمبووە، هەروەها لە بڕیاردان خاوبووە.
ئەوانەیشی لەگەڵیدان، باس لەوە دەکەن: کەس وەکو عومەری سەید عەلی جێگەی متمانەی نەوشیروان مستەفا نەبووە و زیاتر لە 40 ساڵ دۆست و هاوڕێی بووە، لە هیچ دۆخێکدا بەجێینەهێشتووە و لە دەستپاکیدا بێ وێنەیە.
ئەوانەی پشتگیری عومەری سەید عەلی دەکەن لە سۆشیاڵ میدیا وەسڵی کرێی خانووی رێکخەرەکەیان بڵاودەکەنەوە، کە هێشتا کرێچیە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆر بەرپرسی دارایی یەکێتی بووە و بەرپرسی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ئێستای یەکێتی و گۆڕان بووە.
لەبارەی ئەدای ماوەی رابردووشی، باوەڕیان وایە "ئەو هێمنی و سیاسەتکردنەی عومەری سەید عەلی، دەستکەوتی گەورەی بۆ گۆڕان هەبوو و، لە نەبوونیی نەوشیروا مستەفادا لە زۆر شت پاراستوویەتی".
لە ماوەی رابردوودا و دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا (19-5-2017) کۆمەڵێک بەرپرس لە بزووتنەوەی گۆڕان دوورکەوتنەوە، کە دیارترینیان عوسمانی حاجی مەحموود و قادری حاجی عەلی و دواتریش ساڵح ژاژڵەیی بوون.
بڕیاڕە شەممەی داهاتوو (14-9-2019) هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتیی گۆڕان بکرێت و سەرەڕای ئەوەی باس لەوەدەکرێ رکابەری هەبێت لەوانە شۆڕش حاجی، بەڵام لە ئێستاوە پۆستی رێکخەری گشتی بۆ عومەری سەید عەلی نزیکە لە یەکلابوونەوە.
ژیننامەی عومەری سەید عەلی:
1974 بووەتە پێشمەرگ
1975 بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە
1976 لەلایەن حکومەتی عێراق لە 11ی تەممووز سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا
1979 بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازادکرا
دوای ئازادبوونی لەزیندان، بە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتی ھەڵبژێردرا
1980 بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکە، لە بناری کێوەڕەش بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی سوێد کرا
1992 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
ماوەیەک بەرپرسی مەکتەبی دارایی یەکێتی بووە
نەوشیروان مستەفا کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەریتانیا بوو لە 2016 و پێش کۆچی دوایی، بریکارنامەیەکی گشتیی بۆ عومەری سەید عەلی کرد، بۆ ئەوەی کارە یاساییەکانی گۆڕان رابپەڕێنێت
لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە تاوەکو ئێستا، رێکخەری گشتیی گۆڕانە