باڵیۆزی سعودیە لە عێراق: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 12ی ئەیلوولی 2021 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی عەرەبستانی سعودی لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد و باڵیۆزی سعودیە رۆڵی هەرێمی کوردستانی وەکو فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکە هەڵسەنگاندووە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولعەزیز ئەلشەممەری، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعودیەیان تاوتوێ کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەتی برەودان بە وەبەرهێنەرانی سعودی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەشی بەوە داوە کە شانشینی سعودی، "بە بایەخەوە رۆڵی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت وەکو فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و هەماهەنگیکردن بە ئاراستەی پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا.