ئاسایشی سلێمانی تەقەکەرەکانی ئاهەنگێکی گۆرانیگوتن لە چەمچەماڵ دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر دەکات کە لە سنووری چەمچەماڵ لە ئاهەنگێکی گۆرانیگوتندا لە باخێکدا تەقەیان کردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-09-2023، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شەش چەکداریان دەستگیر کرد کە "تەقەکەر و ئاژاوەگێڕ" بوون و لە ناحیەی شۆڕشی سنووری چەمچەماڵ لە باخێکدا تەقەیان کردووە، ئەوەش ببووە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتبارەکان "پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (صمامی) گولەی هاوەن."
ئەو چەکدارانە شەوی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023 لە ئاهەنگێکدا تەقەیان کرد، دواتر چەند هاونیشتمانییەک سکاڵایان کرد و ئاسایش دەڵێت، لەسەر داوای ئەو هاونیشمانییانە بەدواداچوونیان کردووە و تەقەکەرەکانیان دەستگیر کردووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک رووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە و سەرئەنجام دەستگیرکران و بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی (156) لە یاسای سزادان راگیران و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە."
ئەو تۆمەتبارانە لە شەوی 11-09-2023، دەستگیر کران. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان "سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی هاووڵاتییان دەکات لەپێناو زیاتر بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی، بۆ چەسپاندنی یاسا."