پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات. 

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023، دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات. پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە و رۆژی پێنجشەممەش دەنگی لەسەر دەدرێت".
 
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە؛ لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێستای عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.