لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و 11ی دیکەیش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 11 کەسی دیکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، بارهەڵگرێک بە خێراییەکی زۆر لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی ئێلباک لە نێوان پارێزگای وان-جۆلەمێرگ، خۆی بە مینی پاسێکدا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، هاونیشتمانییان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە و بریندارەکانیش بە خێرایی گوێزرانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی پارێزگای وان. چوار لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا لە باکووری کوردستان و تورکیا 257 هەزار و 373 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا هەزار و 345 کەس گیانیان لەدەستداوە و 159 هەزار و 235 کەسیش بریندار بوون.
ساڵی 2022ش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندارببوون.