دۆسیەی زەوییەکانی دوو گوندی خورماتوو؛ کورد دەچێتە دادگە و سوپا لە رێگری بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

چەند جووتیارێکی کورد لە خورماتوو، کە بە بڕیاری دادگە گرێبەستی زەوییەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و دەدرێتە عەرەب، لە دادگە سکاڵا لەسەر پارێزگاری سەڵاحەدین و وەزیری کشتوکاڵی عێراق تۆمار دەکەن، سوپای عێراقیش رێگە نادات هیچکام لە لایەنە ناکۆکەکان بچنە سەر زەوییەکانیان.
 
ناکۆکی لەبارەی ئەو زەوییانە دوای ئەوە پەرەی سەند، کە 8ی ئەیلوول، بەدر فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین رایگەیاند: "بڕیارێکی دادگە هەبوو بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە رادەستی جووتیارانی عەرەب بکرێن و ماوەیەک دەرفەتمان دا بە جووتیارانی کورد بۆ ئەوەی بەڵگەیەکیان لە هەر دادگەیەک بهێنن. بڕیاری دادگە دەرچووە و بە ویستی خودا فەرمانی رادەستکردنی زەوییەکان جێبەجێ دەکەین."
 
ئەو پرسە ناکۆکی لەنێوان کورد لەلایەک و جووتیارە عەرەبەکان و حکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایە لەلایەکى دیکە دروست کردووە.
 
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو جووتیارە کوردانەی هەردوو گوندی تەپە سەوز و حلێوە لە قەزای خورماتوو کە گرێبەستی کشتوکاڵیی زەوییەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، لە دادگە سکاڵایان تۆمار کردووە."
 
زیاتر لە 50 گرێبەستی کشتوکاڵیی سنووری ئەو دوو گوندەی خورماتوو کێشەی یاساییان لەسەرە کە بەدەست جووتیارانی کوردەوەن و عەرەب داوای دەکەن. دادگە بڕیاری لەسەر 7 گرێبەستیان داوە کە بەناوی جووتیارانی عەرەبەوە بکرێنەوە.
 
یاسین دادوودی گوتی: "ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدین رژدە لەسەر ئەوەی ئەو زەوییانە بگەڕێنێتەوە بۆ عەرەبەکان بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگە کە تێکڕای رووبەری زەوییەکانیان 1800 دۆنم دەبێت، زانیاری هەیە کە سوپای عێراق لەو سنوورە بنکەی سەربازیی دروست دەکات بۆ ئەوەی بکەوێتە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی ئەگەر کێشەیەک روویدا."
 
چیرۆکی ناکۆکییەکانی سەر ئەو زەوییانە لە دوای ساڵی 1976 دەستیپێکردووە کە قەزای خورماتوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک جیا کراوەتەوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین.
 
ئەحمەد جومعە، یەکێک لەو 7 جووتیارەی خورماتووە کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، بە رووداوی گوت: "دوای جیاکردنەوەی خورماتوو، کە زەوییەکانمان لێوەرگیرایەوە، لە  کەرکووک قەرەبوویان کردینەوە، بەڵام دوای ساڵی 2012 بەهۆی بڕیاری ژمارە 29ی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق لەوێش زەوییەکانیان لێوەرگرتینەوە و پێیان گوتین بگەڕێنەوە بۆ سەڵاحەدین و لەوێ زەوی وەربگرن و ئێمەش هاتینەوە سەر زەوییەکانی خۆمان، کە تاپۆی کۆنیان بە ناوی باپیرانمانەوەیە."
 
12ی حوزەیرانی 2012، ئەو بڕیارە چووتە بواری جێبەجێکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە لەلایەن لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە لە خاوەنەکانیان وەرگیراوەتەوە و دراونەتە عەرەبی هاوردە.
 
چوار لەو 7 جووتیارە کوردەى لە بڕیاری دادگەی باڵای تێهەڵچوونەوەی عێراق زەرەرمەند بوون، لە دادگەی خوورماتوو سکاڵایان لە دژی پارێزگاری سەڵاحەدین، وەزیری کشتوکاڵی عێراق و ئەو عەرەبانە تۆمار کردووە کە خۆیان بە خاوەنی ئەو زەوییانە دەزانن، رۆژی 16ی ئەیلوول دادگە لەبارەی ئەو دۆسیەیە کۆدەبێتەوە.
 
ئەحمەد جومعە رایگەیاند، شەوی 11ی ئەیلوول لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى سەڵاحەدین گفتوگۆیان کردووە و پێیان راگەیاندوون بڕیاریان وایە رێگە نەدەن نە عەرەب نە کورد بچنە سەر ئەو زەوییانە، تاوەکو 16ی ئەیلوول دادگە بڕیار لە بارەی دۆسیەکە دەدات.
 
ئەو دوو گوندە دەکەونە رۆژئاوای قەزای خورماتوو کە ناوچەیەکی کوردستانیی کێشەلەسەرە، لە ساڵی 1987  ئەو زوییانە دراوەتە عەرەب.
 
تێکڕای ئەو زەوییانەی کە زیاتر لەو 50 گرێبەستە دەیانگرێتەوە، 1800 دۆنمە و زەویی کشتوکاڵیین.
 
ئەو ناکۆکییە لە بارەی ئەو زەوییانە لە خورماتوو لەکاتێکدایە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بە گوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی دەرکردنی رێنماییە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
 
ئاری تەها، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر ئەو زەوییانەی خورماتوو ئەو بڕیارانە بگرێتەوە کە هەڵوەشێنراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان بەو پێیەی پێشتر خورماتوو بەشێک بووە لە کەرکووک."