عەرەبێکی هاوردە لە دوبز لەسەر زەوییەک کە موڵکی کوردە، دوو ئامۆزای خۆی کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی پێنجشەممە 11ی ئەیلوول لە شارۆچکەی دوبز، دوو برا لەلایەن ئامۆزایەکیانەوە کوژران و برایەکی دیکەیان بریندار کرا. بکوژ و کوژراوەکان عەرەبی هاوردەن و لە هۆزی شمەرن، لەسەر زەویی پەلکانە کە موڵکی کوردە، بووەتە کێشەیان و دواتر بە تەلەفۆن درێژەیان پێداوە و بە چەک کۆتاییان پێهنا.
 
ئەبو فەهد شمەری، مامی کوژراوەکان گوتی، "لەنێو یەک ماڵدا کە ئامۆزای یەکین، کێشەیەکی خێزانی روویدا، دوو برازامی کوشت و یەکێک بریندارە، بکوژ کوڕی ماممە، کێشەکە زۆر ساکار بوو، بەڵام بە تەلەفۆن گرژ بووەوە و کێشەکەی لێکەوتەوە، دەرئەنجام ئێمە یەک ماڵین."
 
رووداو دیمەنی ساتی رووداوەکەی دەستکەوتووە، تێیدا دەردەکەوێت سێ براکە لە کار گەڕابوونەوە و لەنێو بازاڕی دوبز کەوتنە بەر تەقەی ئامۆزاکەیان، دەستبەجێ دووانیان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەیان بە سەختی بریندار بوو.
 
نەبیل خەمیس، دووکاندار باسی لەوە کرد، "ئۆتۆمبێلێکی ئۆمیگا رایگرت و سێ کەس لێی دابەزین، یەکێکیش لە کیاکە دابەزی، قسەیان بە یەکدی دەکرد. بکوژ چەکی دەرکرد و داوای کرد بگەڕێنە دواوە و فیشەکێکی بە زەویدا تەقاند، دواتر فیشەکێکی لە سەری یەکێکیان دا و فیشەکێکی لە دڵی ئەوی دیکە دا، سێ فیشەکی لە کەسی سێیەم دا، بەڵام نەمرد؛ ئەوانەی دیکە مردن و کەوتنە سەریەک."
 
بکوژ دوای 7 کاژێر لە تاوانەکە، دەستگیر کرا. سێ براکە لە باخی پیاوێک کاریان دەکرد، یەکێکیان بەناوی ساری فەواز دوو هەفتە بوو ژیانی هاوژینیی پێکهێنابوو، سوڵتانی برای خێزاندارە و باوکی سێ منداڵ بوو، مێزەریش کە بریندارە خێزانی پێکنەهێناوە.
 
شێرزاد سەمەد، خاوەن باخ گوتی، "بکوژ زاوای کوژراوەکانە و ئامۆزاشیانە، ئەم ئامۆزایەیان لە پەلکانەوە هاتووەتە لایان، یەکێکیانی بریندار کرد و دووانیانی کوشت، یەکێک لە کوژراوەکان تازە زاوایە و سوڵتانیش سێ منداڵی بچووکی هەیە."
 
بکوژ تەمەنی 25 ساڵە و مێردی خوشکی کوژراوەکانە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویی کورد هاتووەتە پەلکانە و هەر لەوێ نیشتەجێ بووە.