پۆلیسی سەلاحەددین: دوو بکوژەکەی کەرکووکمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سەلاحەددین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری رووداوەکەی دوێنێی کەرکووکی راگەیاند، کە دوو کەسی تێدا کوژرا. دوو تۆمەتبارەکەش برای یەکدین.
درەنگی شەوی رابردوو 11ی ئەیلوولی 2025، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەددین، لە دوو راگەیێنراودا دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی بڵاوکردەوە، کە هەردووکیان لە قەزای بێجی سەر بەو پارێزگایە دەستگیرکراون.
پۆلیسی پارێزگای سەلاحەددین رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە لەسەر بنەمای زانیاریی بووە کە پۆلیسی کەرکووک پێیداون بەوەی دوو تۆمەتبارەکە بەرەو قەزای بێجی هەڵاتوون.
ئێوارەی پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوول، شەڕ لەنێوان چەند کەسێکی سەر بە هۆزى شەممەر لە قەزای دووبز لە کەرکووک دروست بوو بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
پۆلیسی سەلاحەددین ناوی تۆمەتبارەکانی بە پیت بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە برای یەکدین و تۆمەتبارن بە کوشتنی دوو ئامۆزایان.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی سنوورەکە، شەڕی نێو ئەو دوو برا عەرەبە لە دووبز بەهۆی کێشەی خێزاندارییەوە بووە.
هەردوو تۆمەتبارەکە بەگوێرەی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراق دەستگیرکراون کە تایبەتە بە کوشتنی ئەنقەست و سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان.