مەسرور بارزانی و ڤیکتۆریا تایلەر: مووچەخۆران مووچەکانیان لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی دەکەنەوە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەمریکی بە سەرۆكایەتیی ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریکا كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی و پێویستیی چارەسەرکردنی بنەڕەتيی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی کە دوای سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردن هاتووەتە ئاراوە کە پێویستە لە دەست نەدرێت."
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانيش وەک مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە، مووچەکانیان لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن."
هەروەها جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان "بە زووترین کات کرایەوە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە رێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی گشت پێکهاتەکانی عێراق پارێزراو بێت.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بە تایبەتی بەدیجيتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی و هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.