قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی ئازادی و کێشە ناوخۆییەکانمان کرد
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و رایگەیاند، نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکیی ئازادانەی رێکخراوەکان و میدیاکاران دروست بکرێت. هاوکات، شاندە ئەمریکییەکە و جێگری سەرۆکوەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا کەلە هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و مارک سترۆ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوون، "بە گرنگییەوە باس لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرا و چارەسەرکردنی خێرای کێشە ناوخۆییەکان بە پێویست زانرا لەپێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە عێراقدا."
سەبارەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند؛ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەم خواستی هاوڵاتییانی هەرێمە و هەم خواستی هاوپەیمانەکانمانە و، بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرێدراوە بە بەردەوامبوونی چاکسازییەکان، هەربۆیە نابێت ئەم پرۆسەیە بە سستی بەڕێوەبچێت و تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. لەو بارەیەوە، شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "ئاماژەیان بەوەدا بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پێویستە لەناو هەرێم لایەنە سیاسییەکان و حکومەت ئامانجێکی هاوبەش و یەکگرتوویان هەبێت و بە پلانێکی تۆکمە و هاوبەشەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دانووستان بکەن."
سەبارەت بە پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون کە "پێویستە ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت تا بێ بودجەیی و بێ موچەیی لەوە زیاتر کاریگەری خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم دانەنێت."
هەر لەم چوارچێوەیەشدا هەردوولا خوازیاربوون بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و گرفت و کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە چارەسەر بکرێن.
وەکو نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران باسی دەکات، لە تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکەشدا باسی دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کراوە. هەردوولا بە پێویستیان زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پشتیوان و هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بێت تا بتوانن بە ئازادانە کار و چالاکی بکەن، چونکە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتن. جێگری سەرۆکوەزیران لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەدا؛ نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکی ئازادانەی رێکخراوەکان و میدیاکاران دروست بکرێت."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەگەڵ ئەوەی رۆڵی ئەمریکا لە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرز دەنرخێنین، "بەڵام بە پێویستیشی دەزانین ئەمریکا لە بوارەکانی دیکەی وەک ریفۆرمی ئابووری و باشترکردنی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پاراستنی ژینگە و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات."