دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هەڤاڵانی خۆشەویست
کاندیدە بەڕێزەکان و خۆشەویستەکان
زۆر زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم، کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی فیدراڵی. هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، لەبەر ئەوە ناتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە، هەموو هەڵبژاردنەکان گرنگە. هەر هەڵبژاردنێکیش لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دێت. من بیستوومە کە بەشێکی زۆر لە خوشک و برایانی عەرەب و تورکمان لە لیستی 275ـی پارتیدان، بوونی ئێوە هێزی زیاتر دەداتە لیستەکەمان.
بەڕێزان.. بە پێویستی دەزانم تۆزێک بگەڕێمەوە مێژوو. دەوڵەتی عێراق کە دامەزرا دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لەسەر ئەو ئەساسە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوای ئەوەی لە پەیمانی لۆزان، رێککەوتننامەی سیڤەر تێکچوو. تەنها مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان کە ئایا لەگەڵ عێراق بن یان تورکیا بن تەنها بە باشووری کوردستان درا، ئەوانی دیکە دابەش کران. هەروەک هەموو ناوچەکە دابەش کرا. ئەو کاتە کوردی باشوور دەنگیاندا کە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن بەڵام بە مەرجێک کە هاوبەش بن لە حوکمدا. بە داخەوە ئێمە نەک نەبووینە شەریک، مافی هاووڵاتییشمان نەبوو. دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما. شەراکەتی ئێمە بوو بە ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتمان و زۆر لەوە بە داختر دوای 2003 نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفالکراوانە و کیمیابارانە، نانی ئەوانیان بڕی. ئا لە جیاتی ئەوەی قەرەبووی ئەوانە بدەن، نانیان بڕین. ئومێدەوارم کە ئەم هەڵبژاردنە فورسەتێکی دیکە بێنیتە پێش بۆ هەموو عیراق. ئیتر ئەو هەڵانەی کە کراون، دووبارە نەبنەوە. چ لای ئەوان چ لای ئێمە. سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی کە لە خەڵکی کوردستان کرا، بەڵام مەردانە و سەربەرزانە لە مەیدان وەستان و خۆیان نەچەماند و بەرگرییەکی مەردانەیان لە ماف و جوهدی خۆیان کرد. لە هەر دەرفەتێک هاتبیتە پێش بۆ ئاشتی، لە دەست نەدراوە. لە ساڵی 63 لە ساڵی 64 لە ساڵی 66 لە ساڵی 70 لە ساڵی 91یش لەم مێژووانە گفتوگۆ کراوە بۆ ئاشتی، بەڵام لە ئەنجامدا بەداخەوە دووبارە شەڕ دەستی پێدەکردەوە، چونکە بڕوایان بە ماف و پێکەوەژیان و بە دیموکراتی نەبوو. شیعاری شۆڕشی ئەیلوول، دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بوو. ئەو کاتە دەستنیشانی پارتی زۆر راست و دروست بوو. ئەگەر دیموکراتی لە عێراق نەبی، نە کورد و نە عەرەب و نە تورکمان و نە هیچ دین و مەزهەب و ئاینێک ناتوانێ بە مافی خۆی شاد بێت. ئەبێ دیموکراتییەکی راستەقینە هەبێ، ئەو کاتە مافەکانیش دەستەبەر دەبن. سەرەڕای ئەو هەموو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کرا، بەڵام کاتێک فورسەت بۆ خەڵکی کوردستان هاتە پێش، مەردانە و مرۆڤدۆستانە بەرگرییان کرد. لە ساڵی 91 کە دوو فەیلەقی سوپای عێراقی تەسلیم بوون و ئەم دوو سوپایەش بوون کە ئەنفالکردنی دێهاتەکان هەموو لەسەر دەستی ئەوانە بوو، بەڵام یەک نەفەریان نە ئەزیەت دران، هەمووشیان ئیزن دران و بە کەیفی خۆیان هەرکەسە بڕیاری خۆیدا بۆ کوێ بچیت. ئەمە وایکرد من خۆم شەخسی زۆر لە جاران زیاتر شانازی بەوە بکەم، کە یەکێکم لەم نەتەوەیە و لەم میللـەتە.
دەرفەتی زێڕین ساڵی 2003 بوو. ساڵی 2003 رژێمی بەعس رووخا و دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەموو خەڵکی عێراق هاتە پێش. ئێمەش بە نیەتێکی پاک و بە ئیرادەیەکی زۆر زۆر بەهێز چووین بۆ بەغدا. بۆ ئەوەی عێراقێکی تازە دامەزرێنین هەموومان پێکەوە لەسەر سێ بنەما. هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان. بە هەموو توانایەکمان هەوڵماندا کە ئەو عێراقە دروست بکرێ. تا گەیشتە دەستوور، ساڵی 2005 کەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبووە بەم دەستوورە. ئەو کاتەش کە من گەڕامەوە بۆ کوردستان، گوتم ئەمە دەستوور الحمدللە تەواو بوو. ئەوە نییە بڵێی دەستوورێک بیت هەموو تمووحی ئێمەی جێبەجێ کردبێ یان بە دڵی هەموومان بێت، بەڵام ئەگەر تەماشا بکەین بەشێوەیەکی مەنتیقی، دەستوورێکی زۆر باشە تا رادەیەکی زۆر مافەکانی ئێمە دەستەبەر دەکات. بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئیجابییاتی زۆر زۆر زیاترە لە سلبیاتی. ئەگەر ئەم دەستوورە جێبەجێ کرابا، عیراق تووشی زۆر لەو مەشاکیلانە نەدەبوو. زۆر گرفتەکانی بەینی هەرێم و بەغداش روویان نەدەدا. بەداخەوە ئیلتیزامی پێنەکرا.
هەرچەندە ئەو قانوونەی کە ئێستا هەڵبژاردنی پێ دەکرێ دادپەروەرانە نییە، نە قانوونێکی وەهاشە کە مافی هەر کەسێک بەپێی حەجم و سەنگی خۆی پێ بدات. سنووردار کراوە، هەر کەسێک هەر لایەنێک هەر حیزبێک. لەبەرئەوە ئومێدەوارین لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئیتر دەبی ئەم قانوونە بگۆڕێت. ئێستاش من دەمەوێ بۆ ئەو کەسانەی کە لە بەغدا دژی هەرێم بوون و کێبڕکێیان دەکرد بەوەی کێ زیاتر دژایەتیی هەرێم دەکات کێ زیاتر هەرێم ئەزیەت دەدات بەتایبەتی لەناو پەرلەمان. بە بیریان بینمەوە کە چەند بڕگەیەک هەیە لەناو دەستوور با ئەو بڕگانە بخوێننەوە ئەوکات دەزانن کە ئایا هەرێم موخالەفەی کردووە یان غەدر لە هەرێم کراوە.
مادەی یەکەم، ئەمە لە دیباجە بووە. ماددەی یەکەم دەڵێ: "العراق دولة اتحادية" من نامەوێ بچمە نێو تەفاسیلەوە، دەڵێ عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە نەک دەوڵەتێکی مەرکەزی. دەوڵەتی مەرکەزی نەما، دوای 2003 بەپێی ئەو دەستوورە بە پێی ئەو رێککەوتننانەی کردوومانە، دەوڵەتێکی مەرکەزی نەماوە. هەر رەفتارێک بە شێوەی دەوڵەتی مەرکەزیی، نایاسایی و نا دەستوورییە. جا ئەوەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق کرابێت یان چ ئەوانەی دەرحەق بە هەرێمی کوردستان کرابێت. مادەی سێ، ئەڵێ: "العراق بلد متعدد القوميات والأديان والمذاهب." زۆر لەسەر ئەم فەقەرەیە و ئەم ماددەیە ئیشمان کرد. مەعنای ئەوەیە کە ئەمەش بە یەک پێکهاتە عێراق ئیدارە ناکرێ. ئەبێ ئەمانە هەموو شەریک بن. ئەو موکەویناتانە دەبێ هەمووی شەریک بن.
لێرەدا دەمەوێ بۆ ئێوە و بۆ هەموو خەڵکی عیراق روونبکەمەوە. لە ساڵی 2007 لێرە لە پیرمام چەندین کۆبوونەوە کرا لە بەینی وەفدی هەرێم و وەفدی حکومەتی فیدراڵ و پسپۆڕی شارەزا لە وڵاتانی وەکو کەنەدا و زۆر وڵاتانی دیکە. بە ئەمادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیاش. ئێمە گەیشتینیە رێککەوتنێکی زۆر رێکوپێک بۆ قانوونی نەوت و غاز لە شوباتی 2007. ئەو قانوونە رۆشت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرێک لە وەزیرەکان گوتبووی، کورد ناتوانن جیاوازی بەینی ئاو و نەوت بکەن ئێمە بۆ خۆمان تووشی ئەو ئیلتیزاماتانە بکەین. نەیهێشت قانوونەکە بڕوات، نەیانهێشت. بۆیە هەر کاتێک کێشەی نەوت و غاز بێتە پێش خەتاکە لە بەغدایە نەک لە هەرێم. ئەگەر ئەو وەختە ئەو قانوونە بەڕێوەچووبا زۆر شتێکی باش بوو، ئەو کێشە زۆرانە رووی نەدەدا. ئێستاش دوای ئەوەی کە ئەو رێککەوتنەی بوو کە پێشی چەند رۆژێک بەینی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت، ئومێدەوارم ئەمە بەردەوام بی و ببیتە هۆی ئەوەی کە ئەو قانوونە ئینجا چ تەعدیلاتی پێویست بی لەسەر بکرێ، چۆن بی یان وەکو ئەساسێک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ببیتە قانوونێک و ئەساسێک بۆ ئەوەی قانوونی نەوت و غازی لەسەر بکرێت. لەسەر ئەم بنەمانە ئێمە هیچ تەرەدودێکمان نییە و حازریشین بۆ ئەو رێککەوتنە، بەڵام تەفسیراتی غەڵەت بۆ بەندەکانی دەستوور، قابیلی قەبووڵ نییە.
خاڵی دیکە کە زۆر گرنگە ماددەی 140. مادەی 140 دەڵێ؛ لەو ناوچانە (تطبيع، احصاء، استفتاء) تا ئێستا خۆیان دزیوەتەوە لەمە. ئەمە مەعنای ئەوە نییە تەسەوڕ بکەن وەخت ئەمە لە بیر خەڵکی کوردستان دەباتەوە. ئەم مەسەلەیە دەبی چارەسەر بکرێت بەپێی ئەو بنەمایانەی لە دەستووردا هاتووە. بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بکات، بۆ ئەوەی کە هەموومان ئیتر نەوەی داهاتوو تووشی ئەو موشکیلانە نەبن، کە ئێمە و ئەوانی پێش ئێمە تووشی بوون. با بۆخۆیان ژیانێکی بەختەوەر و ژیانێکی ئاسوودە ببەنە سەر. هەر خەریکی ئەم مەشاکلیلانە بن خوا قبووڵ ناکات.
ماددەیەکی تر زۆر گرینگە کە ماددەی 65 ئەڵێ: "أولا: يتم انشاء مجلس تشريعي يدعى بمجلس الإتحاد يضم ممثلين عن اقاليم ومحافظات الغير منتظمة بالإقليم وينظم تكوينه وشروط العضوية فيه واختصاصاته وكل ما يتعلق به بقانون يسن بأغلبية ثلثي اعضاء مجلس النواب." لێرەدا گلەیی لە خۆشمان دەکەم لە کورد و لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و لە حکومەتی هەرێم و لە ئەحزابی هەرێمیش هەموویان. ئێمەش ئەو ماددەیەمان ئیهمال کردووە، کە شتێکی زۆر زۆر موهیم و زۆر گرنگ بوو لەبەر ئەوە ئەرکی ئێوەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەوڵ بدەن ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەمە زەمانێکە بۆ ئەوەی ئیتر هەر کەسێک و هەر وەزیرێک و هەر مەحکەمەیەک نەیەت بە کەیفی خۆی پێشێلی یاسا بکات و بەناوی یاسا خەڵکەکە سزا بدات.
خاڵی دیکە، ئەوەی مەحکەمەی ئیتیحادی لە ماددەی 92 باسی کردووە، ئەو مەحکەمەیە تا ئێستا دروست نەبووە، ئەو مەحکەمەیەی ئێستا ئەو مەحکەمەیە نییە کە لە دەستووردا هاتووە. ئەوەش دەبێ چارەسەر بکرێ بۆ ئەوەی لەمەودوا نە هەرێم و نە خەڵکی دیکەی عیراق تووشی غەدر نەبن بەناوی قانوون و بە قەراری قانوونی موسەییەس.
بەڕێزان، ئێستاش ئەوە خۆمان ئامادە دەکەین بەرەو هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق. من داوا دەکەم هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر لەسەرەخۆ، هێمن و بێ کێشە بکرێت. هەتا ئەگەر وێنەی ئێوە بدڕێنن ئێوە ئەو کارە هەڵەیە نەکەن، ئەوە کارێکی هەڵەیە. ئێوە بەرزتربن لەوە. قسەیەکی ناشیرین کرا وەڵامیان نەدەنەوە. ئەگەر بگاتە بوختان دەرهەق بە هەرێم کرا، ئەو وەختە دەبێ بەشێوەیەکی مەعقوول وەڵام بدرێتەوە، بەڵام بەو شێوەی کار و کاردانەوە خۆتان مەیێننە ئەم ئاستە. داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە بە گەرمی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن.
لێرەدا مەجبوورم بە راشکاوی ئەمە بڵێم؛ هەموو جارێک کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، دیسان پیلانگێڕیش سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە لە دژی پارتی. نەسیحەتی من بۆ ئەوانە ئەوەیە بەخۆیاندا بچنەوە. جارێک دووجار سێ جار ئینسان دەبێ عیبرەت وەربگرێ. کاکە، پارتی بە ئێوە ناشکێ چ لەناو هەرێم چ بە هاوپەیمانی مەجمووعەیەک لەناو بەغدا و لە هەر شوێنێک بیر لەوە بکەنەوە بە هاوپەیمانی خۆتان هەرێم دەشکێنن! واللە هەرێم بە ئێوە ناشکێت و پەشیمانیش دەبن. پارتی بە ئێوە ناشکێ، پارتی زۆر زۆر لەوە گەورەترە بە هاوپەیمانی ئەم و ئەو بشکێت. ئێمە دەمانەوێ هەموو موشکیلەکان چارەسەر بکرێت. کورت و موختەسەر ئەگەر باوەڕییان بەم مادە دەستوورییانە هەیە، کە عێراق وڵاتێکی ئیتیحادیە نەخشە رێگایە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان. ئەگەر هەرێم یەک داوای زیاتر لەوەی لە دەستوور هاتووە یەک داوای زیاتری کردبێت پێی بڵێن نابێت، چونکە ئەمە دەستوور رێگەی پێنادات. بەڵام یەک ماددەی کەمتر لە دەستوور کە تەسەروفی تێدا کرابێت. ئیستیحقاقاتی هەرێم ئیستیحقاقاتی گەلی کوردستان بەخوا ئێمە قەت قبووڵی ناکەین. ئینجا ئەگەر نیەتی چارەسەری کێشەکان هەبێ، واللە زۆر زۆر ئاسانە گەڕانەوە بۆ دەستوور بێ کەم و زیاد، ئەمە کێشەکان هەمووی چارەسەر دەکات. ئەم ماوەیە شارەزایی زۆر و ئەزموونێکی زۆریش پەیدا بووە، هەم لە هەرێم و رەنگە هەم لە بەغداش. ئێمە ئامادەین بەپێی دەستوور هەموو کێشەکان کۆتایی پێ بێت. حەقیشە کۆتاییان پێ بێت. لە کوێ هەرێم هەڵەی کردووە دەبێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. هەرچەندە غەدر لە هەرێم کراوە، بەڵام ئەگەر لە شوێنێک هەڵە کراوە دەبێ چارەسەر بکرێت. بەڵام دەبێ بەغدا بگەڕێتەوە بۆ دەستوور، ئەگەر بیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێت و ئەگەر بیانەوێت عیراق سەقامگیر بێت و ئەو پێکەوەژیان و ئەو برایەتییەی کە هەیە بمێنێت. لە کۆتاییدا من جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، خۆتان بە نوێنەری هەموو خەڵکی عێراق بزانن. لەوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە و لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکە، پەیوەندییەکی دۆستانە و رێکوپێک دروست بکەن. پێکەوە بەرگری لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئێزیدی و مەسیحی و لە هەموو کەسێک بکەن. کێ مەزڵوومە بەرگری لێ بکەن. نەچن لەوێ خۆتان دابڕێنن و یان موزایەدات قبووڵ مەکەن. موزایەدات زۆر خراپە و لێی مەترسن، چونکە ئێوە چیاکانی کوردستان و پارتیتان لە پشتە. ئیشاڵڵا روحی شەهیدەکان شاد دەکەن و دڵی خەڵکی کوردستان شاد دەکەن و ئێوەش سەرکەوتوو بن.