کێشەی دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان چارەسەر کرا و لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوە کێشە بۆ دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان دروستبوو بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران کێشەکەیان چارەسەر کرا و ئەم ساڵ وەردەگیرێن.
 
قوتابخانەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانن، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر دەرچووانی ئەو قوتابخانانە لە زانکۆکان وەرگیراون، بەڵام ئەم ساڵ خوێندنی باڵا بە نووسراوێک گوتی وەریانناگرن، ئێمەش داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد کێشەکە چارەسەر بکات".
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: "ئەم ساڵ هەموو دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن".
 
24ـی مانگی رابردوو بە نووسراوی ژمارە 155 و بە نێونیشانی "بەپەلە" وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد، چارەنووسی دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان یەکلا بکەنەوە.
 
لە نووسراوێکی دیکە کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە و بە ژمارە 12149 ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کراوە، داوا کراوە دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان وەربگیرێن.
 
لە نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە: "رەزامەندی درا لەسەر وەرگرتنی قوتابیانی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامیی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی بۆ ئەم ساڵ (2025-2026) هاوشێوەی ساڵانی رابردوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
 
20 قوتابخانەی خوێندنی ئیسلامیی لە هەرێمی کوردستان هەن و سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین.