ئاڵا رەیانی، ئەکتەرە بەناوبانگەکەی کوردستان باس لە نوێترین فیلمی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاڵا رەیانی، ئەکتەر و ئەندامی لیژنەی دادوەری بۆ فیلمی درێژی نێوخۆیی لە فیستیڤاڵیی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەبینێت؛ دەشڵێت، گرنگە ژمارەی فێستیڤاڵەکانی فیلم زیاتر بکرێن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2025، ئاڵا رەیانی لە هەڤپەیڤینێکدا وەڵامی پرسیارەکانی پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فیلم دایەوە و رایگەیاند: "بەڕاستی بۆ من زۆر زۆر خۆشە کە لێرەم. 11 ساڵ بوو سەردانی کوردستانم نەکردبوو. پێشتر دوو ساڵ لە هەولێر ژیام و پاشان 11 ساڵ نەگەڕامەوە کوردستان. ئێستا هاتوومەتەوە و دەبینم کە چ گۆڕانکارییەک روویداوە. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە ئێستا چەندین فێستیڤاڵی لەم جۆرە هەن و یەکێکیان ئەوەی سلێمانییە. زۆر زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە فێستیڤاڵی لەم جۆرە هەبێت و ژمارەیان زیاتر بێت". 
 
ئاڵا رەیانی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان گوتی: "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی زیاتر کراوە؛ شارەکان گەورەتر بوون. هەولێر و سلێمانی گەورەتر بوون. ئێرە بووەتە شوێنێک کە هەر چوار پارچەی کوردستان دەتوانن تێیدا کۆببنەوە."
 
ئاڵا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری ستۆکهۆڵم دەژیت. ئەو ئەکتەرە کوردە بەشداری لە ژمارەیەک فیلم و زنجیرەدا کردووە کە دیارترینیان خەلافەت (2020)، رێبڵ (2022)، لەیلا (2021) و بیمبۆ بامبینۆ (2018)یە و ئەوەی یەکەمیان لە نێتفلیکس بەردەستە. 
 
کورتە فیلمی (لەیلا) لە نووسین و دەرهێنانی بەهادۆر شاهیدییە و دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بردووەتەوە. زنجیرەی رێبڵ لەلایەن عادل عەرەبی و بیلال فەلاحەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و بەربژێری 18 خەڵاتی نێودەوڵەتی بووە و 10یانی بەدەستهێناوە. زنجیرەی فیلمی خەلافەتیش بەربژێری دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بووە و هەردووکیانی بردووەتەوە.
 
ئاڵا ساڵی 2021 خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فیستیڤاڵێکی فیلمی سوێد وەرگرت بەهۆی رۆڵەکەی لە فیلمی لەیلادا.
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ئاڵا رەیانی:
 
رووداو: بەڕێزت بەشداریت لە ژمارەیەک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جیهان کردووە. ئێستاش یەکەمینجارە بەشداری فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەکەیت. جیاوازییان چییە؟ ئاستی فێستیڤاڵەکە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڕاستی بۆ من زۆر زۆر خۆشە کە لێرەم. 11 ساڵ بوو سەردانی کوردستانم نەکردبوو. پێشتر دوو ساڵ لە هەولێر ژیابووم و پاشان 11 ساڵ نەگەڕامەوە کوردستان. ئێستا هاتوومەتەوە دەبینم کە چ گۆڕانکارییەک کراوە. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە ئێستا چەندین فێستیڤاڵی لەم جۆرە هەن کە یەکێکیان ئەوەی سلێمانییە. زۆر زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە فێستیڤاڵی لەم جۆرە هەبێت و ژمارەیان زیاتر بێت. 
 
رووداو: 11 ساڵە نەهاتوویتەوە. وایە؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڵێ 
 
رووداو: پێشتر لە هەولێر بوویت؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڵێ 
 
رووداو: ئێستا دوای 11 ساڵ سلێمانیت بینی، چ شتێک زۆر گۆڕاوە؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەراستی باڵەخانەی نوێ و خانووی نوێ، یانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی زیاتر. شارەکان گەورەتر دەبن. هەولێر و سلێمانی گەورەتر بوون. ئێرە بووەتە شوێنێک کە هەر چوار پارچەی کوردستان دەتوانن تێیدا کۆببنەوە. بۆ من ئەوە لە هەموو شتێک گرنگترە. ئازادییەکمان هەیە لێرە و بە دڵی خۆمان دەتوانین پەیوەندییەکمان هەبێ. هەموو زاراوەیەکی کوردی تێدایە. 
 
رووداو: لێرەش خەڵکی زۆر جیاواز دەبینی، وایە؟ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبینی؟ 
 
ئاڵا رەیانی: زۆر زۆر.
 
رووداو: ئەمڕۆ رۆژی چوارەمی فێستیڤاڵە. بە گشتی ئەو فیلمانەی لێرە نمایشکراون و ئەو کەس و میوانانەی بەرکەوتەتان لەگەڵیان هەبووە، چۆنی دەبینن؟ فێستیڤاڵەکە لە ئاست چاوەڕوانی تۆدا بوو پێش ئەوەی کە بێیت و بیبینیت؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڕاستی چاوەڕوانییەکی وەهام نەبوو و زۆر بە سادەیی هاتم. بەڕاستی کاری زۆر کراوە و زەحمەتی زۆر کراوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکە لێرە بۆ ئەوەی ببێتەهۆی دروستکردنی پەیوەندی بۆ بەهێزکردنی فیلمی کوردی لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوە. 
 
رووداو: ئێستا سەرقاڵی فیلمێکی نوێن. باسی ئەو بەرهەمەمان بۆ بکە؟ لە چ قۆناخێکدان؟ 
 
ئاڵا رەیانی: فیلمەکە بەناوی ژنە کە ئێستا دایانناوە و بۆ بەشداریکردن بۆ ژمارەیەک فێستیڤاڵ دەنێردرێ. فیلمەکە لە شاری لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا بەرهەمهاتووە. دەرهێنەرەکەی کوڕێکی گەنجی شاری سنەیە کە لە ئەمریکا دەژیت. ئەو سیناریۆی فیلمەکەی نووسیووە و خۆشی دەرهێنەرە. بەیەکەوە ئەو فیلمەمان بەرهەمهێناوە و هیوادارین هەموو کەس بەدڵی بێت. 
 
رووداو: فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکانی ئەمریکا پیشان دەدەن، وایە؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڵێ 
 
رووداو: زنجیرەی خەلافەت کە لە نێتفلیکس بەردەستە، ئەزموونێکی تەواو جیاواز بوو، بەتایبەت ببینین کچێکی کورد، ئەکتەرێکی کورد رۆڵی لە فیلمیکی نێتفلیکسدا هەبووبێت. بە بۆچوونی تۆ، چۆن دەکرێت سینەمای کوردی یان فیلمی کوردی یان زنجیرە کوردییەکان ئاستی نێوخۆیی تێپەڕێنن و بگەنە ئاستی ناوچەیەیی و وڵاتانی رۆژئاوا؟ 
 
ئاڵا رەیانی: بەڵێ، بەڵێ، چەندین خاڵ هەن. ئێمە چەند جۆرێک فیلممان لە کوردستان هەن کە باسی مێژوو دەکەن، بەڵام باسی مێژوویەک دەکەن کە پەیوەندی بە ئێستاشەوە هەیە، چونکە ئێمە ئێستاش دەچەوسێندرێیینەوە و خاکمان داگیرکراوە. بۆیە ئەوانە شتێکن کە دەبێت دیسان باسیان بکەین. پێم خۆشە بەشێک بم لەوە کە جۆرەکان زیاد بکرێن، لەوانە فیلمی ترسناک، کۆمیدی، رۆمانسی و زۆر شتی دیکە هەن کە دەتوانین سینەماکەمانمانی پێ دەوڵەمەند بکەین. ئەو هیوایەم هەیە.