26 هەزار ئاوارە لە دهۆک دەنگ دەدەن؛ 'مافی دەنگدانی پێنج هەزار ئاوارە رەتکراوەتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
زۆرترین ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لە دهۆک بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کەمترینیان لە سلێمانییە.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025،بە رووداوی راگەیاند: "26 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە 93 وێستەگەی دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان دەنگ دەدەن، کارتی دەنگدانیان تەواوبووە و بۆ دەنگدان کێشەیان نییە.''
بۆ دەنگدانی ئاوارەکان 22 بنکەی دەنگدان و 93 وێستگە دانراون، بەڵام لە کۆی ژمارەی ئاوارەکان پێنج هەزار ئاوارە ناویان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە ناویان رەتکرایەوە داواکاری و زانیارییەکانیان کەموکوڕی تێدابوو.
ئاوارەکانی شنگال ناویان تۆمارنەکرابێ بۆ دەنگدان دەبێ بگەڕێنەوە شنگال.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە دهۆک ئاوارەن. بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێ: "ئەوانەی ناویان تۆمار کراوە، دەتوانن لە دهۆک دەنگ بدەن، بەڵام ئەوانی دیکە کە ناویان تۆمار نەکردووە، دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن".
لە ساڵی 2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە، بەڵام هێشتا بەشی زۆری ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسایش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، سەرەڕای بوونی رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆخی شنگال، ئاوارەکان دەڵێن دۆخی شارەکە خراپە و ئاوەدان نەکراوەتەوە .
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای دهۆک 945 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە؛ زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە پاڵاوتووە.