دوو ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو دوورخرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سەرپێل زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەدای خراپیان، دوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو دوورخرانەوە.
میرحوسێن رەحیمی، قایمقامی سەرپێل زەهاو رایگەیاند، ئەندامێتی بەهرام ئەکبەری و کەیوان ئەمینی لە ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو هەڵوەشێنراوەتەوە و دوو ئەندامی یەدەگ بە ناوەکانی شێرزاد سێیدی و مەسعود مروەتی لە جێگەیان وەکو ئەندامی ئەنجوومەن دەستبەکار دەبن.
بە گوتەی قایمقامی سەرپێل زەهاو، دوورخستنەوەی دوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی قەزاکە بە بڕیاری دەستەی ناوەندیی چاودێریکردنی ئەدا و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی ئێران و بەهۆی ئەدای خراپیان بووە. دەشڵێت، ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێو ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو بووە.
میرحوسێن رەحیمی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەم گۆڕانکارییە لە پێناو جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی یەکریزی و یەکگرتوویی ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو و باشترکردنی ئەدای ئەنجومەنەکە کراوە و پێشبینی دەکرێت بە ئامادەبوونی ئەندامانی نوێ، دۆخی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتیان باشتر بێت.
قەزای سەرپێل زەوهاو دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کرماشان و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی لە ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 90 هەزار کەسە. ئەنجوومەنی قەزای سەرپێل زەهاو پێنج ئەندامی سەرەکی هەیە.