قایمقامی زاخۆ: لە چوار ساڵدا بە 360 ملیار دینار 332 پرۆژەمان جێبەجێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای زاخۆ رادەگەیێنێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 330 پرۆژەی خزمەتگوزارییان بە گوژمەی 360 ملیار دینار لە سنوورەکەیان جێبەجێکردووە و دەشڵێت، ئەم هەفتەیە پرۆژەیەکی دیکە بۆ 7 گەڕەک بە گوژمەی 12 ملیار دینار دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025 موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداودا باسی لە پرۆژەکانی ئیدارەکەی کرد و رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ بۆ قەزای زاخۆ و ناحیەکانی جێبەجێکراون و سەرنجیان لەسەر هەموو سێکتەرەکان بووە، لەوانەش ئاو، کارەبا، رێگەوبان، تەندروستی، پەروەردە و گەشتوگوزار.
بە گوتەی قایمقامی زاخۆ، ئاستی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیان گەیشتووەتە رادەیەک کە "گلەیی و گازندەی پرۆژەی خزمەتگوزاری نەماوە." گوتیشی: "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە سنووری قەزای زاخۆ و ناحیە و گوندەکانی، 332 پرۆژە بە گوژمەی 360 ملیار دینار جێبەجێکراون."
زاخۆ لە 140 گەڕەک پێکدێت. بە گوتەی موشیر بەشیر زیاتر لە 85٪ـی گەڕەکەکان خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ کراوە. هەروەها ئەم هەفتەیە پرۆژەی خزمەتگوزاریی 7 گەڕەکی دیکەی شارەکە بە گوژمەی 12 ملیار دینار دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکرێت.
سەبارەت بە پرۆژەکانی دروستکردنی شەقام و رێگەوبانەکان، قایمقامی زاخۆ گوتی: "ئێستا لەنێو زاخۆ یەک دوو ترافیکمان ماوە، هەمووی بووەتە یوتێرن و ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس. هەروەها دوو پرۆژەی دیکەی یوتێرن لە پلاندان بۆ ئەوەی ئاستی ژێرخانی رێگەوبان زیاتر پێشبخەین."
لەبارەی زێدەڕۆیی لە شارەکە، موشیر بەشیر گوتی: "رێژەی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت لە زاخۆ سفرە."
دوای کردنەوەی قۆناخی دووەمی پرۆژەی کۆرنیشی زاخۆ، قایمقامی شارەکە رایگەیاند، ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی سێیەم دەکرێت، کە تێیدا گەڕەکێکی 140 ماڵیی نزیک کۆرنیشەکە لە خاوەنەکانیان دەکڕدرێتەوە و قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری، وەبەرهێنان، باخچە و سەوزایی.
قایمقامی زاخۆ باسی لە پرۆژەیەکی نوێی کارەبا کرد و گوتی: "ماوەی دوو رۆژە پرۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێری لە زاخۆ بەشێوەی ئەزموونی دەستیپێکردووە و زۆر سەرکەوتوو بووە."
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوت، قایمقامی زاخۆ رایگەیاند، ئامادەکاریی پێویستیان کردووە و پسووڵە دابەشکراوە. گوتیشی: "لە قۆناخی یەکەمدا لە ناوچە شاخاوییەکان و ناحیەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت و دوا قۆناخیش لەنێو سەنتەری قەزای زاخۆ دەبێت."