گوتەبێژی یەکێتی: پشتیوانی هەموو رێککەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەرێمی کوردستانە و ئامانج لە سەردانەکەش تاوتوێکردنی کێشەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پشتیوانی هەموو رێککەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی حیزبەکە لە شاری سلێمانی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە پێشوازی لێکرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا عەلی حوسێن گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە.
هەروەها سەعدی پیرە باسی لە سەردانی 9ـی ئەم مانگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر کرد و بە ئەرێنی ناوی برد؛ گوتیشی، "پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم[ـی کوردستان] و بەغدا."
رۆژی 9ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بوون. دواتریش محەممەد شیاع سوودانی بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممەش شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ئەندامێتیی ژمارەیەک بریکاری وەزیر و راوێژکار گەیشتنە هەولێر، بڕیارە دوو بۆ سێ رۆژ بمێننەوە. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، خەرجیی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی وەزیرەکەی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبن.