وردەکاریی دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمە و دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتوو، رەوتی هەڵوێست، نەوەی نوێ و کۆمەڵ دێن. پارتی لە چوار بازنە و یەکێتیش لە دوو بازنە زۆرترین دەنگیان بردوەتەوە.
ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، پیشانیدەدەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان ملیۆنێک و 82 هەزار و 511 دەنگی بەدەستهێناوە. بەمە پارتی بووە یەکەم پارت لە عێراقدا بتوانێت ئەو ژمارەیە بەدەستبهێنێت کە چاڵێنجێک بوو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتییەوە راگەیێندرا.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش دووەمی لایەنە کوردستانییەکانە و 537 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. دواتر یەکگرتوو 166 هەزار دەنگ، رەوتی هەڵوێست 156 هەزار دەنگ، نەوەی نوێ 137 هەزار و کۆمەڵی دادگەریش 49 هەزار دەنگیان بردووەتەوە.
لە هەموو هەرێمی کوردستاندا 288 هەزار و 708 دەنگی پووچەڵ هەن.
بازنەی هەولێر
لە پارێزگای هەولێردا پارتی دیموکراتی کوردستان 370 هەزار و 469 دەنگی بەدەستهێناوە و یەکەمی بازنەکەیە. دوای ئەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دێت کە 96 هەزار و 262 دەنگی بردووەتەوە.
رەوتی هەڵوێست 63 هەزار و 110 دەنگ و نەوەی نوێ 38 هەزار و 768 دەنگیان بەدەستهێناوە. هەر لە بازنەی هەولێر 116 هەزار و 462 کەس دەنگی خۆیان سووتاندووە.
بازنەی سلێمانی
لە بازنەی سلێمانیدا یەکێتی 239 هەزار و 593 دەنگی بردووەتەوە و یەکەمی بازنەکەیە. رەوتی هەڵوێست 75 هەزار و 177 دەنگی بردووەتەوە و دووەمی ئەو بازنەیەیە.
لە سنووری سلێمانی، نەوەی نوێ 69 هەزار و 462 دەنگ، پارتی 68 هەزار و 711 دەنگ، یەکگرتوو 66 هەزار و 153 دەنگ، کۆمەڵ 34 هەزار و 465 دەنگ و بەرەی گەلیش 10 هەزار و 782 دەنگیان بردەوە.
لەم بازنەیەش ئەگەر دەنگی پووچەڵ لایەنێکی سیاسی و بەشدار لە هەڵبژاردنەکە بووایە، ئەوا دووەمی بازنەکە دەبوو. 137 هەزار و 116 کەس لەم بازنەیە دەنگی خۆیان سووتاندووە.
بازنەی دهۆک
لە بازنەی دهۆکدا پارتی یەکەمە و 411 هەزار و 364 دەنگی بردووەتەوە. لەم بازنەیەدا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 72 هەزار و 516 دەنگی بەدەستهێناوە و دووەمی بازنەکەیە.
رەوتی هەڵوێست بە 18 هەزار و 119 دەنگ، نەوەی نوێ بە 14 هەزار و 505 دەنگ، یەکێتی بە دوو هەزار و 435 دەنگ، بەرەی گەل بە دوو هەزار و 761 دەنگ و کۆمەڵ بە هەزار و 526 دەنگ سێیەم تاوەکو حەوتەمی بازنەکەن.
لەم بازنەیەدا ئەگەر دەنگی پووچەڵ لایەنێکی سیاسی بوایە، ئەوا دووەمی بازنەکە دەبوو و لێرە 35 هەزار و 130 کەس دەنگی خۆیان سووتاند.
بازنەکانی کەرکووک و نەینەوا
لە پارێزگای کەرکووک 436 وێستگە جیاکراونەتەوە و داتای هەزار و 302 وێستگە ماوە.
یەکێتی لە کەرکووک دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە و 171 هەزار و 743 دەنگی بردووەتەوە. بەرەوی تورکمانی 59 هەزار و 107 دەنگی بردووەتەوە و دووەمی بازنەکەیە.
پارتی لەم بازنەیەدا 57 هەزار و 592 دەنگ، تەقەدووم 41 هەزار و 470 دەنگ و ئینقازی تورکمانی 26 هەزار و 474 دەنگیان بردووەتەوە.
لە بازنەی نەینەوادا پارتی 170 هەزار و 373 دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگی یەکەمی ئەم بازنەیەیە. دوای ئەو، تەقەدووم 50 هەزار و 127 دەنگی بەدەستهێناوە و دووەمی بازنەکەیە.
یەکێتی و هاوپەیمانەکانی لەم بازنەیەدا 44 هەزار و 169 دەنگ، دۆزی ئێزدی 43 هەزار و 909 دەنگ، نەینەوا لیئەهلیها 43 هەزار و 938 دەنگ و بەدر 37 هەزار و 952 دەنگیان بردووەتەوە.
کۆتاکان
لە بازنەکانی هەولێر، دهۆک، نەینەوا، دیالە و کەرکووک کورسی بۆ یەکێک لە کۆتایی کریستیان، فەیلی یان کوردی ئێزدی دیاریکراوە.
ئەو بەربژێرانەی کۆتاکان کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە:
- سامی ئۆرشانە: 20،963 دەنگ (کۆتای کریستیان)
- کلدۆ رەمزی: 17،516 دەنگ (کۆتای کریستیان)
- ئەسیر ئیبراهیم: 16،790 دەنگ (کۆتای کریستیان)
- عیماد یوحەننا: 15،645 دەنگ (کۆتای کریستیان)
- حەیدەر عەلی: 11،430 دەنگ (کۆتای فەیلی)
- خالید سەیدۆ: 8،274 دەنگ (کۆتای ئێزدی)