ئەو سەربازەی لە خورماتوو هێرشیکردە سەر هاونیشتمانییەک، دادگەیی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن 'سەرکەوتنی' پاراستنی ئاسایشی دەنگدانی گشتی و تایبەتی راگەیاند و دەڵێت، ''لێپرسینەوە لەو کارمەندە دەکرێت، کە دەستدرێژیی کردە سەر هاووڵاتییەک.''
 
پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە خورماتوو، هاونیشتمانییەک ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە و سەربازێک هێرشیکردە سەری، رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لەلایەن خەڵكەوە سەرکۆنە کرا.
 
قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "کارمەندێك دەستدرێژیی کردە سەر هاووڵاتییەک، لێکۆڵینەوە کراوە، ئەو کەسە ناسرایەوە و دادگەیی دەکرێت.''
 
بەرپرسەکەی عێراق ناسنامە و ناوی ئەو سەربازەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەڵێت، "لە هەموو رووداوەکاندا بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ کراوە."
 
 
بەرەبەیانی سێشەممە لە کەرکووکیش شەڕ روویدا، شەڕەکە لەنێوان ژمارەیەک کورد و تورکمانی شارەکە بوو، دژە تیرۆر و سوپای عێراق چوونە نێو کەرکووک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، بەهۆیەوە دوو پۆلیس کوژران.
 
قەیس مەحمەداوی لەبارەی رووداوەکەی کەرکووک رایگەیاند، "ئەوەی روویدا بەهۆی ناکۆکیی نێوان دوو گرووپ بوو، راپۆرتی وردمان وەرگرت، چەک بەکارهێندراوە و لایەنە ئەمنییەکان بە خێرایی ئامادە بوون، بەڵگەی ئامادەبوونیشیان شەهیدبوونی دوو کارمەند بوو لە وەزارەتی نێوخۆ.''
 
لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن دەڵێت، "بە خێرایی بەرپەرچمان دایەوە، ئەوانەش دەستگیرکران کە چەکیان بەکارهێناوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە کراوە تەقەیان کردووە و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەند و برینداربوونی دوو کەسی سڤیل. گەیشتینە ئەنجامی ورد، راپێچی دادگەی دەکەین و یاسا لەسەریان جێبەجێ دەکرێت.''
 
ئاسایشی هەڵبژاردن: هیچ هێزێکی ئەمنی نەچووەتە ناو بنکەکانی دەنگدانەوە
 
بەرپرسەکەی عێراق رەتیکردەوە هیچ هێزێکی ئەمنی چووبێتە نێو بنکەکانی دەنگدان، لەبارەی پێشێلکارییەکانیش رایگەیاند، "زیاتر لە 134 پێشێلکاری تۆمارکراون لە زیاتر لە 9,500 بنکەی دەنگدان، کە 45,000 وێستگەی لەخۆگرتبوو؛ بەڵام سەرپێچیی هەڵبژاردن بوون، نەک پێشێلکاریی ئەمنی. هیچ کام لەو حاڵەتانە لەنێو بنکەکانی دەنگداندا روویان نەداوە، بەڵکو لە دەوروبەری بنکەکان بوون و پەیوەندییان بە بانگەشەی نایاسایی، هەوڵدان بۆ گوشار خستنەسەر دەنگدەر، یان کڕینی دەنگەوە هەبووە و یاسا بە تووندی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون."
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، پرسیارێکی ئاراستەی قەیس محەممەداوی کرد لەبارەی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو بنکەکان و ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر لەوبارەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان چووبنە نێو بنکەکانی دەنگدان و دەڵێت، "بە شایەتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەروەها نێردە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نوێنەری قەوارە سیاسییەکان، ئەم هەڵبژاردنە بەوە جیادەکرایەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە هیچ شێوەیەک دەستتێوەردانیان لە پرۆسەکەدا نەکرد. هێزەکانمان نەچوونەتە ناو بنکەکانەوە بە هیچ شێوەیەک."
 
سەرەڕای قسەکانی ئەو بەرپرسەی عێراق، بەڵام دوێنێ لە خانەقینیش چەند جارێک هێزە ئەمنییەکان لەنێو بنکەکاندا رێگرییان لە رووماڵی هونەر حەمید پەیامنێری رووداو کرد.