رەوەند مەلا مەحموود: پارتی نایەوێت دۆخی کەرکووک ئاسایی ببێتەوە

رووداو-کەرکووک

سڕینەوەی لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دواتری کە بەهۆیەوە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی یەکێتی و پارتی بەرەو ئاڵۆزی و دابڕان رۆیشت، بووەتە کڕۆکی رێککەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەكێتی.


پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێشتا بایکۆتی گەڕانەوە بۆ کەرکووکی نەشکاندووە، بەپێچەوانەی یەکێتی پێداگری لەسەر دانانی پارێزگارێکی کوردی بێلایەن لە کەرکووک دەکات. جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووکیش دەڵێت، پارتی نایەوێت دۆخی کەرکووک ئاسایی ببێتەوە.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "فراکسیۆنی برایەتی زۆرینەیە و ئەگەر برادەران بێنە ریز و رێککەوتن بکەن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کاربکەن، رازی ببن لەسەر ئەوەی کەسێکی شیاوی بێلایەن هەڵبژێرن و ئێمە و یەکێتیش پێی رازی بین دەکرێ، بەڵام نەک حیزبێک پێداگری بکات کە پارێزگار لەحیزبی ئەوان بێت و وەک پێشوو هەرچییان ویست بیکەن و هەرچی کرد دایپۆشێ".

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پێش شازدەی ئۆکتۆبەر، حاکمی بێ رکابەری کەرکووک بوو، تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی حکومڕانی لەو پارێزگایە، لەگەڵ پارتی لەلایەک و بەغدا و تورکمان و عەرەبی کەرکووک لەلایەکی دیکە بێ ئەنجامبووە، بەپێداگری لەسەر ئەوەی پارێزگار پشکی ئەوانە، دەیانەوێ پارتیش بگەڕێنەوە کەرکووک و بەیەکەوە لەئەنجوومەن ئەو کارە بکەن.

رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "ئەو چوار خاڵە گرنگە، ئەوەی لەسەر کەرکووک گوتراوە و لەسەر ئاساییکردنەوەی کەرکووک، پێموایە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بەکورد دەکرێ و بەئاسانی دەکرێ، بەڵام خودی پارتی دیموکراتی کوردستان نایانەوێ ئەوەبکەن، دەیانەوێ بەدەسکەوتی سیاسی و حیزبی بگەڕێنەوە کەرکووک، بۆیە لەئێستا پێموانییە بتوانن ئەو دەستکەوتانە بەدەستبهێنن".

بەپێچەوانەی خواستی گشتی کورد بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی کەرکووک، بەشێکی تورکمان و زۆرینەی عەرەب کە پارێزگاری بەوەکالەت لە پشکی ئەوانە، دژی هەر کۆبوونەوە و رێککەوتنێکن کە کەرکووک بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی.

حاتەم تائی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "لەم کاتەدا بەبڕوای ئێمە دۆخی سیاسی قبوڵی پارێزگارێکی نوێ ناکات چونکە ململانێیەکان زۆرن، بەتایبەت دوای دابەشبوونی فراکسیۆنی برایەتی لەنێوان برایانی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە هەریەکەیان هەوڵی ئەوە دەدەن پارێزگار بۆخۆیان بێ، لەبەرامبەردا عەرەب و تورکمان هەوڵدەدەن پارێزگار بۆ ئەوان بێت".

لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان لەو ساڵ و دوو مانگەی کەرکووک کەوتووەتە دەست هێزە عێراقییەکانەوە، پێگەی سیاسی خۆیان تۆکمەتر کردووە و بەرەو رێککەوتنێک بۆ بەشداریی هاوبەش لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 10 دەڕۆن، پارتی و یەکێتی بە پێداگری لەسەر مەرجەکانی پێشتریان، هەوڵی کاراکردنەوەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەدەن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان