بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان: سیاسەتی گومرگیی عێراق بێ بەشداریی ئێمە سەرکەوتوو نابێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی خاڵە سنوورییەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گومرگی یەکگرتوو لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان. دەشڵێت، "هەر سیاسەتێکی گومرگی دابڕێژرێت و هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار نەبێت، سەرکەوتوو نابێت".
 
رۆژی سێشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2023 ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "کێشە لەسەر سیاسەتی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا هەیە، کۆبوونەوەکەی دوێنێ لەسەر بانگهێشتی حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ یەکخستنەوەی پێناسی گومرگی لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و سەرجەم فڕۆکەخانەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی یەکدەست بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێناسە گومرگییە".
 
بەپێی مادەی 110ـی دەستووری عێراق، سیاسەتی گومرگی لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە، بەڵام ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی جوگرافی گرنگی هەیە و ژمارەیەک دەروازە سنووری گرنگی هەیە، بەشداریکردن و راوێژ بە هەرێمی کوردستان لە داڕستنەوەی سیاسەتی گومرگی عێراق گرنگە، هەر سیاسەتێکی گومرگی دابڕێژرێت و هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار نەبێت، سەرکەوتوو نابێت".
 
لە ساڵی 2018ـەوە دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان یەک لەو بابەتانە بووە کە لە گفتوگۆی شاندەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام ئامادەیی هەبووە، وەکو بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لە دانوستانەکانماندا نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک، لەبەرئەوەی یاسای ساڵی 2016ـی دەروازە سنوورییەکان بە عەقڵەیەتێکی مەرکەزی داڕێژراوە و پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی دەستووری عێراقە و هەر بۆیەش ئێمە لەڕووی یاساییەوە تێبینیمان لەسەری هەیە".
 
لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە، ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی، "مانگی رابردوو لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئابووریی حکومەتی فیدراڵ زانیمان ئەوانیش کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئەو یاسایە هەیە، لە کۆبوونەوەی دوێنێش بە وردەکارییەوە باسی ئەو بابەتەمان کرد و گەیشتینە ئەو قەناعەتەی دەبێ ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە و لەگەڵ دۆخێ ئێستای عێراقدا بگونجێنرێت و ئەمەش بووە یەکێک لە راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە".
 
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێمی کوردستان، داهاتی مانگانەی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی هەرێمی کوردستان لە نێوان 120 بۆ 130 ملیار دینارە، ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "بەپێی یاسای بودجە 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئەوان داوا دەکەن سەرجەم داهاتەکە بچێتە بەغدا و دواتر بەشی هەرێمی کوردستانی لێ بدەن. ئێمە لە مانگی 1ـی 2023وە پابەندی 50%کەین و بە ژمارە و داتا هەموومان داوەتە بەغدا".