لە کەرکووک دوو کەس لەسەر بڕینی دووکانی مۆبایل دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لە شاری کەرکووک دوو کەس لەسەر بڕینی سێ شوێنی فرۆشتنی مۆبایل دەستگیرکران.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو هەفتەی رابروودا لە ناوچەی فەیلەق لە شاری کەرکووک، سێ دووکانی فرۆشتنی مۆبایل شکابوون و مۆبایلەکانی نێویان دزرابوون، هەرچەندە کامێرەکانی چاوێریی سەیر دەکرانەوە، بەڵام لە پڕ دزەکان ون دەبوون، پۆلیس بەردەوام بەدواداچوونی کرد، تاوەکو دوایین جار درەنگیی شەوی 08-12-2023  هەردووکیان دەستگیرکران، "بە نیازبوون چەند شوێنێکی دیکەی فرۆشتنی مۆبایل ببڕن."
 
لەبارەی ونبوونیان لە کامێرەکانی چاودێری، عامر نووری گوتی، لەکاتی لێکۆڵینەوە هەردووکیان باسیان لەوەکرد، هەر کاتێک بە شەو شوێنێکی فرۆشتنی مۆبایلیان بشکاندایە و مۆبایلەکانیان ببردایە، دەچوونە باخچەیەکی ناوچەکە شەو لەوێ دەمانەوە، دواتر کە رۆژ دەبووەوە تێکەڵ بە خەڵک دەبوون، ئەوەش وایدەکرد لە کامێراکانی چاودێریی ونبن و نەدۆزرێنەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو تۆمەتبارەکە کراونەتەوە و دۆسیەکانیان خرانەتە بەردەم دادوەر تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.