حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی پارەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 12-12-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ئامادەکاری و پێویستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار خەرج بکرێت.
پارەکە لە دوو شوێنەوە دابین دەکرێت، کە 43 ملیار و 769 ملیۆن و 149 هەزار دینارە و لە بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەبێت لە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە بۆ سەر حیسابی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، ئەوەش پاڵپشت بە مادەی 5ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی 2023. هەروەها 25 ملیار و 460 ملیۆن و 851 هەزار دینار لە یەدەگی فریاگوزاریی تەرخانکراو لە بودجەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاد دەکرێت بۆ سەر حیسابی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی بڕیارەکە "دەسەڵات درایە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ـی دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ـی ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات.
لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ـی درێژکردنەوەى خولى پێنجەمیی خۆی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ـی ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"ـە و بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە.