رووداو سەرچاوەی لافاوەکەی چەمچەماڵ و هۆکاری دروستبوونی ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری سەرەکیی لافاوەکەی چەمچەماڵ بۆ چڕیی بارانبارین و سرووشتی جوگرافیای ناوچەکە دەگەڕێتەوە. پسپۆڕێکی جوگرافیا دەڵێت، تۆپۆگرافیای ناوچەکە وا دەکات بڕی ئاوەکە بۆ دوو هێندە زیاد بکات، تیمە ئەندازەییەکانیش پلانی دروستکردنی بەربەست و لابردنی زیادەڕۆییەکان جێبەجێ دەکەن.
 
بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) کە لەلایەن نوێنەر فاتیحەوە پێشکەش دەکرێت، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ هۆکار و زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کرد و چارەسەرەکانی خستەڕوو. تیمەکە بۆ یەکەمجار گەیشتنە ناوچەی (بانی مەقان) لە نزیک قەزاکە، کە بە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکە دادەنرێت.
 
گۆمەکە نەتەقیوە، بەڵکو سەرڕێژ بووە
 
سرووشتی ناوچەکە بەجۆرێکە کە دۆڵ و بەرزاییەکان ئاراستەی ئاوەکە بەرەو چەمچەماڵ دەبەن. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەسەر ئەو رێڕەوە سرووشتییانە گۆمێکی دەستکرد دروستکراوە، بەڵام بەهۆی زۆریی بڕی ئاوەکەوە توانای گلدانەوەی نەبووە. هەرچەندە سەرەتا دەنگۆی تەقینی گۆمەکە هەبوو، بەڵام دەرکەوت تەنیا سەرڕێژی کردووە و ئاوەکە بە لێشاو بەرەو شارەکە رۆیشتووە.
 
هاونیشتمانییەک کە 16 ساڵە لەو ناوچەیە کار دەکات، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لەو ماوەیەدا لافاوی لەو شێوەیەم نەبینیوە، نزیکەی 24 کاژێر ئاو بەبێ وەستان دەڕۆیشت."
 
ئەو هاونیشتمانییە کە شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیە روونیکردەوە، ئەو ئاوەی لە دۆڵەکەدا کۆدەبێتەوە، دوای بڕینی چەند کلیۆمەترێک دەگاتە چەمچەماڵ، رێڕەوەکە بەو شێوەیەیە کە بێ زیان بە شارەکەدا تێپەڕێت، بەڵام لافاوەکە زۆر بەهێز بووە.
 
جوگرافیای ناوچەکە مەترسییەکەی دوو هێندە کردووە
 
د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو و پسپۆڕی جوگرافیا بە رووداوی راگەیاند، چەمچەماڵ کەوتووەتە دامێنی ناوچە بەرزەکانی بانی مەقان.
 
د. هەڵەت، کە دکتۆرای لە جوگرافیادا هەیە گوتی: "بە درێژایی مێژوو بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە لافاو لە چەمچەماڵ دروستبووە، بەڵام هیچیان وەک ئەوەی ئەم مانگە نەبوون. لە ماوەی پێنج کاژێردا نزیکەی 80 ملیمەتر باران لە سەنتەری قەزاکە باریوە و لە بانی مەقان بڕەکە زۆر زیاتر بووە، جوگرافیای ناوچەکەش وا دەکات هەر بڕە بارانێک ببارێت، بڕی ئاوەکە بکاتە دوو بۆ سێ هێندە."
 
سەرۆکی زانکۆی چەرموو وەک چارەسەر پێشنیازی کرد، لە ماستەرپلانی شاردا دەستکاری رێڕەوە سروشتییەکانی ئاو نەکرێت و ئەو رێڕەوانەی ئاوی زۆر دەهێننە ناو شارەکە، بەربەست و گۆمی گونجاویان لەسەر دروستبکرێت یان ئاراستەکەیان بگۆڕدرێت.
 
"کاری نائەندازەیی کراوە"
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانەکان نزیکەی سێ مەتر ئاو بەرز بووتەوە و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناو ماڵی لەگەڵ خۆیدا بردووە.
 
تیمەکانی شارەوانی ماوەی دوو رۆژە سەرقاڵی پاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکانن کە قوڕ و پاشماوەی لافاو دایپۆشیون.
 
ئەندازیار سرووشت سازانی، سەرۆکی تیمی پاککردنەوەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "لە هەندێک شوێن بەشێک لە هاونیشتمانییان کاری نائەندازەییان کردووە و رێڕەوی ئاویان بەرەو سەنتەری شار گۆڕیوە."
 
سەبارەت بە چارەسەرەکان، ئەو ئەندازیارە ئاشکرای کرد کە بڕیاردراوە بەربەستێک لە ناوچەی (بانی مەقان) دروست بکرێت بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئاوەکە و دوورخستنەوەی لە چەمچەماڵ، هەروەها لابردنی سەرجەم کارە نائەندازەییەکان. هاوکات بڕیارە ئاوەڕۆی سندووقی بۆ گەڕەکی کوردستان دروست بکرێت کە یەکێکە لە گەڕەکە نوێیەکان و زیانی بەرکەوتووە.
 
زیانەکان چەند بوون؟
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەندێک گەڕەک ئاو نزیکەی سێ مەتر بەرزبووەتەوە. تائێستاش دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، 12 کەس برینداربوون. زیاتر لە 600 ماڵ، دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە. ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناوماڵ ئاو بردوونی یان تێکشکاون.
 
ئێستا تیمە خزمەتگوزارییەکان و رێکخراوەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکە و گەیاندنی هاوکارین بە زیانلێکەوتووان.