لە حاجی ئۆمەران 20 سانتیمەتر بەفر باریوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، 20 سانتیمەتر بەفر لە سنوورەکە باریوە و تیمەکانیان بەردەوام سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکان و داوا دەکات، شۆفێران زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن.
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "20 سانتیمەتر نبەفر لە دەروازەکە باریوە. بەهۆی ئەوەی تیمەکان بەردەوام سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکانن تاوەکو ئێستا بەفربارین نەبووەتە هۆی وەستانی جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری."
سیروان حوسێن داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد بە ئۆتۆمبێل دەچنە دەروازەکە، پابەندنی رێنوێنییەکانی هاتووچۆ بن و زنجیریش لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن.
بە گوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی یەکشەممەش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت، کە حاجی ئۆمەران یەکێکە لەو ناوچانە.
دەروازەی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە سێ دەروازە نێودەوڵەتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر؛ دوو دەروازەکەی دیکە باشماخ و پەروێزخانن و دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی.