لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری کەرکووک 2 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە سەر رێگەی داقووق و ناحیەی تازە لە سنووری کەرکووک ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا. تەندروستی سنوورەکە دەڵێت، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش بریندارن.
ئەمڕۆ شەممە 13-01-2024، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە رێگەی نێوان داقووق و ناحیەی تازە لە سنووری پارێزگای کەرکووک وەرگەڕا. سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رووداوەکەدا پیاوێک و منداڵێک گیانیان لەدەستداوە و دوو ژن و منداڵێکیش بریندارن."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، لە گیانلەدەستدان ئاگادار نەکراونەتەوە. عەمید محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە وەرگەڕان بووە، بەڵام چەند بریندارێک هەن و گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە."
تەرمی قوربانییەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون و بریندارەکانیش لەژێر چاودێریی پزیشکدان.