لە سلێمانی 'راوچییەکەی' تۆڕی فۆکسترۆتی مافیایی سوێد دەستگیر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە داواکراوە دیارەکانی نێو تۆڕی تاوانکاریی "فۆکسترۆت" کە بەوە تۆمەتبارە منداڵانی بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن لە سوێد بەکارهێناوە، لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا.
 
عەلی شەهاب، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و تۆمەتبارە بەوەی منداڵانی "بە پارە دامەزراندووە" بۆ کوشتنی رکابەرەکانی لەنێو باندە تاوانکارییەکاندا. ئەو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بۆ پەکخستنی "کارەکانی تیرۆرکردن" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا.
 
عەلی شەهاب هاوکارێکی نزیکی رەوا مەجیدە، ئەو گەنجە کوردەی بە "رێوییە کوردەکە" ناسراوە و دامەزرێنەری تۆڕی تاوانکاریی "فۆکسترۆت"ـە. ئەم تۆڕە لە ساڵانی رابردوودا بەرپرس بووە لە شەپۆلێکی تووندوتیژی، کە رێژەی کوشتنی لە سوێد بۆ ئاستێکی پێوانەیی ئەورووپا بەرزکردەوە.
 
بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سوێد (SVT)، عەلی شەهاب گومانی ئەوەی لێ دەکرێت هاندەر و داڕێژەری 5 تاوانی کوشتن و 23 هەوڵی کوشتن بێت، لەنێویاندا رووداوی تەقەکردنەکەی شارۆچکەی فارستا لە ساڵی 2023 لەنزیک ستۆکهۆڵم.
 
عەلی دەستی هەبووە لە کوشتنی کەسێکی نزیک لە ئیسماعیل عەبدۆ، کە سەرۆکایەتیی تۆڕی "رومبا" دەکات و رکابەری سەرسەختی رەوا مەجیدە.
 
پێترا لوند، کۆمیسیاری پۆلیسی نیشتمانیی سوێد بە SVTی راگەیاند، "ئەو کەسێکە فەرمانی کوشتن دەردەکات. لە عێراق بووە و لەوێوە فەرمانەکانی دەرکردووە."
 
"بەکرێگرتنی منداڵان"
 
پۆلیسی سوێد دەڵێت، عەلی بەشێکە لە دیاردەی "توندوتیژی وەک خزمەتگوزاری"، کە تێیدا تاوانباران لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە منداڵان بەکرێ دەگرن بۆ هێرشکردنە سەر رکابەرەکانیان، چونکە دەزانن لە سوێد هەر کەسێک تەمەنی لە خوار 15 ساڵەوە بێت، دادگایی ناکرێت.
 
عەلی شەهاب، هەڵگری وڵاتینامەی سوێدی و عێراقییە، ناوی لە لیستی داواکراوانی یۆرۆپۆل و ئاگادارییە سوورەکەی ئینتەرپۆلیشدا هەبووە، دەستگیرکردنەکەشی لەلایەن دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقەوە، بە "دەستکەوتێکی ستراتیژی" لە شەڕی دژی تۆڕی فۆکسترۆت وەسف دەکرێت.
 
ستیڤان هێکتۆر، جێگری کۆمیسیاری پۆلیسی نیشتمانیی سوێد دەڵێت، "سوپاسی پۆلیس و دەزگە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، ئەوان یارمەتییان داین تاوانبارێکی دیکەی باندەکان دەستگیر بکەین لە دەرەوەی وڵاتەوە هاندەری کوشتن بووە."
 
پۆلیسی سوێد ئاماژەی بەوە کردووە رێکارەکانی رادەستکردنەوەی تۆمەتبارەکە دەستیپێکردووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووشدا، پۆیا شەفیع، هاوکارێکی دیکەی رەوا مەجید لە عێراقەوە رادەستی سوێد کرایەوە.
 
ململانێی خوێناوی
 
پێدەچێت رەوا مەجید ئێستا لە ئێران بێت و لەوێ پارێزبەندیی هەبێت. خێزانەکەی رەوا لە کاتی شەڕی سەدام حوسێن دژی کورد لە باشووری کوردستان هەڵاتوون و دواتر مافی پەنابەرێتییان لە سوێد وەرگرتووە، بەڵام ئێستا دەگوترێت دایک و باوکی لە سلێمانی دەژین.
 
ململانێی رەوا مەجید لەگەڵ ئیسماعیل عەبدۆ (بە "شلیک" ناسراوە و پێشتر هاوکاری بووە)، بووە هۆی زنجیرەیەک کوشتن و تۆڵەسەندنەوە. ناکۆکییەکەیان لە ساڵی 2023 لەسەر بارێکی ماددەی هۆشبەر دەستیپێکرد و بووە جەنگێکی خوێناوی لەنێوان ئەندامانی باندەکانیان، لەکاتێکدا سەرکردەکانیان لە دەرەوەی سوێد دەژیان.
 
ململانێکە کاتێک تووندتر بووەوە کە دایکی ئیسماعیل عەبدۆ لە شاری ئوپسالا کوژرا، کە دوو مێردمنداڵ لەسەر رووداوەکە دەستگیرکران. هەروەها دایکی هاوژینەکەی رەوا مەجیدیش لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.