لەگەڵ رەنج داوای کرێکارانی گەیاند؛ حکومەت بڕیاری کەمترین مووچەی کرێکارانی پاککەرەوەی کردە 'ناچاری'
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی کەمترین مووچەی کرێکاران دەرکرد و جەخت دەکاتەوە نابێت مووچەی هیچ کرێکارێکی پاککەرەوە لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەڵێت: "لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 13-1-2025 بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناچارییە."
بە گوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاراستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە، بڕیاردراوە بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی کرێکاری پاککەرەوە بە بڕی 450 هەزار دینار. ئەم بڕە پارەیە دەبێت لە گرێبەستی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان جێگیر بکرێت و کاژێرەکانی کاریش لە 8 کاژێر زیاتر نەبێت.
پێشتر لە 03-08-2025، بڕیارێکی هاوشێوە دەرچووبوو، کەمترین کرێی مانگانەی کرێکاری بە 450 هەزار و کرێی رۆژانەی بە 15 هەزار دینار دیاری کردبوو، بەڵام بەهۆی هەبوونی گرێبەستی پێشوەختە، لە هەموو شوێنەکان جێبەجێ نەکرابوو.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "پێشتر ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام بەشێک لە کۆمپانیاکان گرێبەستیان لەگەڵ کرێکارەکان کردبوو و نەدەکرا هەڵبووەشێنرێتەوە؛ بەڵام نووسراوەکەی ئەمڕۆ بڕیارەکەی کردە ناچاری و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر نابێت مووچەی هیچ کرێکارێکی پاککەروە لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت.
مانگی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بارنامەی 'لەگەڵ رەنجەوە' بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کرد، بەشێک لە کرێکارانی پاککەرەوە 300 هەزار و تەنانەت کەمتریشیان وەردەگرت. مەریوان بەگۆک گوتی: "هەر کرێکارێک خاوەنکارەکەی مافی بخوات و پابەندی بڕیارەکە نەبێت، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی '5500'ـەوە بکات؛ ئێمە بەدواداچوونی ورد دەکەین و خاوەنکارەکە ناچار بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 207 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و ئەم بڕیارە نوێیەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر باشکردنی بژێویی ئەو کرێکارانە دەبێت کە لە کەرتی پاککەرەوەدا کار دەکەن.